فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سەرەخۆشی لە حکوومەت و گەلی ئیمارات دەکات
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی رووداوە دڵتەزێنەکەی هاتوچۆ لە ئیمارەی فوجەیرەی وڵاتی ئیمارات کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 14 کەس و برینداربوونی 30 کەسی دیکە، پەیامێکی هاوخەمی و سەرەخۆشیی بڵاوکردەوە.
هەینی 13ی تشرینی دووەمی 2026، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەیامەکەیدا هاوخەمی و سەرەخۆشیی قووڵی خۆی ئاراستەی حکوومەت و گەلی ئیمارات و خانەوادە و کەسوکاری قوربانییەکان کردووە و جەختی لە هاوسۆزی و پشتیوانیی خۆی بۆیان لەم بارودۆخە مرۆییە سەختەدا کردووەتەوە.
هەروەها داوای لە خودای گەورە کردووە قوربانییەکان بە بەهەشتی خۆی شاد بکات، سەبر و ئارامی بە کەسوکاریان ببەخشێت و شیفای خێراش بۆ بریندارەکان بنێرێت.
پێشتر وەزارەتی ناوخۆی ئیمارات رایگەیاندبوو، نزیکەی نیوەشەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە لە دەروازەی فوجەیرە، شۆفێری بارهەڵگرێک کۆنترۆڵی لەدەستداوە و خۆی کێشاوە بە چەند ئۆتۆمبێلێکی وەستاودا و بەهۆیەوە ئاگر لە بارهەڵگرەکە و ئۆتۆمبێلەکانی دیکە کەوتووەتەوە. لە ئەنجامی رووداوەکەدا 14 کەس گیانیان لەدەستداوە کە هاووڵاتی ئیماراتییان تێدایە و هێشتا رێکارەکانی ناسینەوەی ناسنامەی بەشێکی دیکەیان لە رێگەی پشکنینی DNA بەردەوامە، هاوکات 30 کەسی دیکەش برینداربوون کە 15یان تاوەکو ئێستا لە نەخۆشخانەکاندا لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.