یه‌كێتی ئه‌وروپا پێشوازی له هه‌ڵبژاردنی له‌تیف ره‌شید و راسپاردنی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌پێویستی ده‌زانێت په‌له‌بكرێت له پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق و پێشوازیش له هه‌ڵبژاردنی له‌تیف ره‌شید بۆ سه‌رۆك كۆماری عێراق و راسپاردنی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق ده‌كات.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی (14ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، یه‌كێتی ئه‌وروپا له به‌یاننامه‌یه‌كدا پیرۆزبایی له له‌تیف ره‌شید، سه‌رۆك كۆماری هه‌ڵبژێردراوی عێراق و محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراوی عێراق كرد.
له به‌یاننامه‌كه‌دا، یه‌كێتی ئه‌وروپا هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار و راسپاردنی سه‌رۆك وه‌زیران، دوای ساڵێك له هه‌ڵبژاردن به هه‌نگاوێكی گرنگ بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق وه‌سفكردووه.
هه‌روه‌ها یه‌كێتی ئه‌وروپا به پێویستی ده‌زانێت لایه‌نه سیاسییه‌كان په‌له بكه‌ن له پێكهێنانی حكومه‌تێك كه خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی ده‌ستووری بێت بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پێداویستییه‌كانی هاووڵاتیان.
سه‌باره‌ت به رۆڵی یه‌كێتی ئه‌وروپا له عێراق، له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه، "یه‌كێـی ئه‌وروپا له‌سه‌ر پابه‌ندبوون له‌سه‌ر به‌هێزكردنی هاوبه‌شی خۆی له‌گه‌ڵ عێراق له پشتگیریكردنی گه‌شه‌پێدانی ئابووری، ره‌خساندنی هه‌لی كار و دابینكردنی سه‌قامگیری له وڵات، دووپاتده‌كاته‌وه".
رۆژی پێنجشه‌ممه (13ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، به ده‌نگی 162 په‌رله‌مانتار له گه‌ڕی دووه‌می ده‌نگدان، له‌تیف ره‌شید، له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه به پێنجه‌مین سه‌رۆك كۆماری عێراق له دوای رووخانی رژێمی سه‌دام، هه‌ڵبژێردرا.
دوای كۆتاییهاتنی مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆك كۆماری هه‌ڵبژێردراوی عێراق، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، كاندیدی لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق، راسپێردرا.
دواتر لە یەکەم گوتاریدا، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق له‌باره‌ی كارنامه‌ی كابینه‌كه‌یه‌وه رایگه‌یاند، كارنامه‌یه‌كی فره لایه‌ن داده‌ڕێژین، كه تێیدا باس له هه‌موو كه‌رته‌كانی ژیان ده‌كه‌ین و سوورین له‌سه‌ر رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و ئه‌وه‌ش كاری له پێشینه‌مان ده‌بێت.
رۆژی (10ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2021)، هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌می ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌نجامدرا و تاوه‌كو ئێستا لایه‌نه سیاسییه براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن سه‌ركه‌وتوونه‌بوو له پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق.