ئه‌ڵمانیا هۆشداری ده‌داته رووسیا له‌باره‌ی هاندانی په‌نابه‌ران بۆ رووكردنه ئه‌وروپا
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند، رووسیا ته‌نها جه‌نگ به چه‌ك ناكات به‌ڵكو جه‌نگی وزه و هه‌وڵدان بۆ دابه‌شكردنی یه‌كڕیزی نێوان وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌دات.
ئانالێنا بێیربۆك وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا، له‌میانه‌ی كۆنگره‌ی پارتی سه‌وزی ئه‌ڵمانیا كه له شاری بۆنی رۆژئاوای ئه‌ڵمانیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، رووسیا به‌هه‌ماهه‌نگی وڵاتانی دیكه‌ی ناوچه‌كه، هانی په‌نابه‌ران ده‌دات به لێشاو روو له وڵاتانی ئه‌وروپا بكه‌ن.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا روونیكرده‌وه، به‌و هه‌نگاوه رووسیا هه‌وڵی دابه‌شكردنی یه‌كڕیزی نێوان وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌دات، كه پێویسته به‌ره‌نگاری ببینه‌وه، هه‌روه‌ك چۆن به‌ره‌نگاری ئه‌و فشارانه‌ی رووسیا بووینه‌وه له‌باره‌ی وزه‌وه بۆ سه‌ر وڵاتانی ئه‌وروپا.
له‌باره‌ی كۆچی به‌لێشاوی په‌نابه‌ران، ئانالێنا بێیربۆك گوتی، جگه‌له هاتنی ناچاری په‌نابه‌رانی ئۆكرانیا، وڵاتانی دیكه‌ش هه‌ن به‌شدارن له‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی رووسیا، به‌تایبه‌تی وڵاتی سڕبیا كه به‌شێوه‌یه‌كی فراوان هه‌وڵی ناردنی ژماره‌یه‌كی زۆر له په‌نابه‌ران ده‌دات به‌ره‌و وڵاتانی ئه‌وروپا.
وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا هه‌میشه ره‌خنه‌یان ئاراسته‌ی وڵاتی سڕبیا كردووه كه به ده‌رگای گه‌یشتنی په‌نابه‌ران بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا داده‌نرێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی مه‌رجی وه‌رگرتنی ڤیزای بۆ چه‌ندین وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، باكووری ئه‌فریقیا و ئه‌مریكای لاتینی هه‌ڵگرتووه بۆ گه‌یشتن به وڵاته‌كه‌ی.
دوای ئه‌وه‌ی ساڵی 2015، كۆچی به لێشاوی په‌نابه‌رانی سووری له‌رێگه‌ی وڵاتی سڕبیاوه روویان له ئه‌وروپا كرد، ساڵی 2016 وڵاتانی ئه‌وروپا بڕیاریاندا به داخستنی سنووری رێگه‌ی به‌لقان بۆ گه‌یشتن به ئه‌وروپا، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری هه‌بوو له‌سه‌ر سنوورداركردنی كۆچی په‌نابه‌ران بۆ ئه‌وروپا.