ئوستراليا: قودس پایته‌ختی ئیسرائیل نییه
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئوسترالیا له راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند، هه‌ڵوێستی پێشوویان له‌باره‌ی به‌شی رۆژئاوای قودس گۆڕیوه و، وه‌كو پایته‌ختی ئیسرائیل دانیپێدانانێن.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه (18ـی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2022)، بینی وۆنگ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئوسترالیا له راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند، ئوستراڵیا ئێستا به‌شی رۆژئاوای قودس وه‌كو پایته‌ختی وڵاتی ئیسرائیل دانانێت و، هه‌ڵوێستی پێشوویان له‌باره‌ی ئه‌و به‌شی شاری قودسه‌وه گۆڕیوه.
وۆنگ ده‌شڵێت: پێویسته كێشه‌كانی نێوان ئیسرائیل و فه‌ڵه‌ستینییه‌كان له‌ڕێگه‌ی دیالۆگی ئاشتییه‌وه چاره‌سه‌ربكرێن و، تا ئه‌و كاته‌ی كێشه‌كان چاره‌سه‌رده‌كرێن هه‌ڵوێسته‌كه‌یان به‌م شێوه‌یه ده‌مێنێته‌وه و نایگۆڕن.
له‌باره‌ی گواستنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی بۆ قودس، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئوسترالیا رایگه‌یاند، باڵیۆزخانه‌ی ئوسترالیا له (ته‌ل ئه‌بیب)ـه و هه‌ر له‌وێ ده‌مێنێته‌وه، چونكه پێیان وایه كێشه‌ی قودس "كێشه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تییه" و، تا ئه‌و كاته‌ی كێشه‌كه له‌رێگه‌ی دیالۆگی راسته‌وخۆ و بڕیاره نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه چاره‌سه‌رنه‌كرێت، باڵیۆزخانه‌ی وڵاته‌كه‌یان هه‌ر له (ته‌ل ئه‌بیب) ده‌مێنێته‌وه.
ئه‌م بڕیاره‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئوسترالیا له كاتێكدایه، مانگی دیسیمبه‌ری ساڵی 2018، ئوسترالیا له راگه‌یه‌ندراوێكدا به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی به‌شی رۆژئاوای شاری قودسی وه‌كو پایته‌ختی وڵاتی ئیسرائیل ناساند و هۆكاره‌كه‌شیان بۆ ئه‌وه گه‌ڕانده‌وه، چونكه وه‌كو ئه‌وان ده‌ڵێن، زۆرینه‌ی داموده‌زگا حكومییه‌كانی ئیسرائیل و كنێستی جووه‌كانیش له‌نێو ئه‌و به‌شی شاره‌كه‌دا بوونیان هه‌یه.