43 ناوەندی مافی مرۆڤ لەبارەی ئێرانەوە داوایەک لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەن

K24 - هەولێر

43 ناوەندی نێودەوڵەتی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ، داوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەککگرتووەکان و لێکۆڵینەوەی خێرا لە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەرانی ئێرانیان کردووە.

لە بەیاننامەی 43 رێکخراو و ناوەندی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ، لەگەڵ دەربڕنی نیگەرانی لە شێوەی سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکان لە ئێران، هاتووە، "بە پێی ئاماری بەردەست، زیاتر لە 200 خۆپێشاندەر و لەوانە 23 منداڵ لە خۆپێشاندانەکاندا گیانیان لەدەستداوە و سەدانی دیکەش برینداربوونە. هەندێ بەڵگە دەیسەلمێنن چەند دەزگا و ناوەندێکی ئەمنیی ئێران بە شێوەی بەرنامەداڕێژراو، بەئەنقەست و نایاسایی و بە گولـلەی جەنگی تەقە لە خۆپێشاندەران، رێبواران و منداڵان دەکەن".

زیاتر لە مانگێکە خۆپێشاندان لە شار و شارۆچکەکانی ئێران بۆ سەرکۆنەکردنی کوژرانی ژینا ئەمینی بەردەوامە. خۆپێشاندەران و ماڵباتی ژینا، دووپات دەکەنەوە کە کچەکەیان بە هۆی  توندوتیژیی پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتییەوە گیانی لەدەستداوە، بەڵام لە راپۆرتی فەرمیی حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ئەوە رەتکراوەتەوە کە توندوتیژی بەرامبەر کرابێت و زەبری بەر سەری کەوتبێت.

کوژرانی ژینا ئەمینی، کاردانەوەی فراوانی ناوخۆیی و نێودەڵەتی لێکەوتەوە و لە دوایین کاردانەوەدا، یەکێتی ئەوروپا رۆژی 17ـی تشرینی یەکەم، گەمارۆی خستەسەر 11 بەرپرس و چوار ناوەندی ئەمنیی ئێران کە دەستیان لەو رووداوانەدا هەبووە.

بە پێی ئەو بڕیارە، ئەگەر ئەو بەرپرسە ئێرانییانە لە ئەوروپا موڵک و ماڵیان هەبێت، دەستیان بەسەردا دەگیرێت و رێگەیان پێنادرێت سەردانی وڵاتانی سەر بە یەکێتی ئەوروپا بکەن. هاوکات هاووڵاتیان و کۆمپانیاکانی یەکێتی ئەوروپا بۆیان نییە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئەو کەس و دامەزراوانەدا بکەن و هەناردەکردنی هەر جۆرە کەرستەیەک بۆ سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران و چاودێری بەسەر هۆکارەکانی گواستنەوە و گەیاندن بۆ ئێران، قەدەغەیە.

ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران، چەند کاتژمێڕێک دوای راگەیاندنی گەمارۆی نوێی یەکێتی ئەوروپا، دووپاتی کردەوە کە "یەکێتی ئەوروپا هەڵەی کرد و لە هەوڵێکی نابەجێدا، دیسان پەنای بۆ کارێکی کۆن و بێکاریگەری گەمارۆ برد".

ئەو، دووپاتی کردەوە، بڕیارەکەی یەکێتی ئەوروپا لەسەر بنەمای "کۆمەڵێک زانیاری هەڵە" بووە.