رۆژنامه‌یه‌كی به‌ریتانیا داهاتووی نۆلیتۆی ئاشكرا كرد

سه‌رچاوه‌یه‌كی میدیایی به‌ریتانیا داهاتووی مانوێل نۆلیتۆی ئاشكرا كرد و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئه‌م یاریزانه‌ په‌یوه‌ندی به‌ پرێمه‌ر لیگه‌وه‌ ده‌كات.

پێگه‌ی یانه‌ی Sky sportsـی بریتانیا، ئه‌مڕۆ ئاشكرای كرده‌ كه‌ مانوێل نۆلیتۆ، هێرشبه‌ری یانه‌ی سێلتا ڤیگۆ په‌یوه‌ندی به‌ یانه‌ی مانچێسته‌ر سیتییه‌وه‌ ده‌كات، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ یانه‌ی بارسێلۆنا بۆ كڕینی نۆلیتۆ له‌ هه‌وڵی به‌رده‌وامدایه‌.

به‌ گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه‌، پێپ گواردیۆلا، راهێنه‌ری یانه‌ی مانچێسته‌ر سیتی ئه‌م یاریزانه‌ی دڵنیا كردۆته‌وه‌ كه‌ ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ پلانه‌كانی و له‌ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كیش جێگیری ده‌كات.

مانوێل نۆلیتۆ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا به‌شداریی له‌ یۆرۆی 2016 كرد و له‌ قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كان ئاستێكی به‌رزی پێشكه‌ش كرد.

نۆلیتۆ پێشتر له‌ تیپی دووه‌می بارسێلۆنا یاریی كردووه‌، دواتر بۆ یانه‌كانی بێنفیكا، و گرانادا گواسترایه‌وه‌، له‌ دوو وه‌رزی رابردووش ئاستێكی به‌رزی بۆ یانه‌ی سێلتا ڤیگۆ پێشكه‌ش كردووه‌.