فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی عێراق: 4 ملیار دۆلار ره‌وانه‌ی توركیا نه‌كراوه
K24 – هه‌ولێر:
ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی عێراقیی، ره‌تیكرده‌وه له رێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌وه چوار ملیار دۆلاری عێراق ره‌وانه‌ی توركیا كرابێت.
عالیه نوسه‌یف، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، رایگه‌یاندبوو، له رێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غداوه چوار ملیار دۆلار ره‌وانه‌ی توركیا كراوه.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا، ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی عێراق رایگه‌یاند، له فڕۆكه‌خانه‌دا زۆر یه‌كه‌ی ئه‌منی و مه‌ده‌نی و چاودێری حكومی كار ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها هاتووه: چاودێری هه‌موو جووڵه‌یه‌كی گه‌شتیاران و كرده‌ی هه‌نارده‌كردنی پاره ده‌كرێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبه‌شی هه‌واڵگری و كۆمپانیا ئه‌منییه‌كان له فڕۆكه‌خانه هه‌ن.
له به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه: بردنه ده‌ره‌وه‌ی پاره و سكه‌ی زێڕ له پسپۆڕی ده‌سته‌ی گشتیی گومرگه، كه له فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا كار ده‌كات.
له كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه: ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی و فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا به مافی خۆی ده‌زانێت سكاڵای یاسایی له دژی ئه‌و ژنه نوێنه‌ره تۆمار بكات.
جه‌ختیكردووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ی ئه‌و ژنه نوێنه‌ره وتوویه‌تی هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی بۆ نییه و هه‌واڵی درۆیه و به مه‌به‌ستی بڵاوكردنه‌وه‌ی گێره‌شێوێنی و درووستكردنی بێ متمانه‌یی بڵاوی كردووه‌ته‌وه.