ئەردۆغان لەسەر ئەم بنەمایانە ئامادەیە کار لەگەڵ لەتیف رەشید بکات

سەرۆککۆماری تورکیا پیرۆزبایی لە سەرۆککۆماری نوێی عێراق دەکات

ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق
ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق

K24 - هەولێر:

ئەردۆغان پیرۆزبایی لە لەتیف رەشید دەکات، بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆککۆماری عێراق و دەڵێت، ئامادەم لەگەڵتاندا کاربکەم.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (20-10-2022)، نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی د. لەتیف رەشید کردووە و پیرۆزبایی هەڵبژاردنی بە سەرۆککۆماری عێراق لێکردووە.

ئەردۆغان لە پەیامەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، "دڵنیام لەم قۆناغە هەستیارەی کە وڵاتەکەتان پێیدا تێدەپەڕێ، ئێوە بەشداردەبن لە پتەوکردنی یەکڕیزی و هاوکاری لە عێراقدا".

دەشڵێت: "دەمانەوێت لەگەڵ عێراقدا هاوکاری نێوانمان بەهێزبکەین، کە پەیوەندی مێژوویی قووڵ و پەیوەندی دۆستانەی دراوسێیەتیمان لەگەڵدا هەیە، لەسەر بنەماکانی رێزگرتنی یەکدی لە پرسە هەستیارەکان و بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوو گەلەکەماندا، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایانە ئامادەم لەگەڵتان کاربکەم".

رۆژی پێنجشەممە 13/10/2022، د. لەتیف ره‌شید بە سەرۆککۆماری عێراق هەڵبژێردرا و رۆژی 17/10/2022 بە فەرمی چووە کۆشکی سەلام لە بەغدا و دەستبەکاربوو.