سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەستی لەکارکێشایەوە
"ناتوانم ئەو ئەرکانە جێبەجێبکەم کە لە ئەستۆمە"

K24 - هەولێر:
لیز ترەس، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دوای 45 رۆژ لە دەستبەکاربوونی لە پۆستەکەیدا، ئەمڕۆ دەستی لەکارکێشایەوە.
لیز ترەس، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و سەرۆکی پارتی پارێزگاران دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند، گوتیشی: ماوەی یەك هەفتە لە پۆستەکەمدا دەمێنمەوە تا جێگرەوەم بۆ دەستنیشان دەکرێت.
لیز ترەس باسی لەوەشکرد، "حکومەتەکەم تووشی ناسەقامگیرییەکی گەورەی ئابووریی نێودەوڵەتی بووە، دانبەوەدا دەنێم، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە ناتوانم ئەو ئەرکانە جێبەجێبکەم کە لە ئەستۆمە".
ههفتهی پێشوو، میدیا ناوخۆییەکانی بەریتانیا بڵاویانکردەوە، 100 پەرلەمانتاری پارتی پارێزگاران ئامادەییان دەربڕیوە بۆ ئەوەی نامەی کشانەوەی متمانە لە لیز ترەس سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا پێشکەش بە گراهام برادی سەرۆکی لیژنەی پارتی پارێزگاران بکەن بۆ رێکخستنی هەڵبژاردن.
ترەس لە بانگەشەی هەڵبژاردنی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەڵێنی کەمکردنەوەی باجی بە هاوڵاتیانیدا، بەڵام چەند هەفتەیەک دوای دەستبەکاربوونی کواسی کوارتینگ، وەزیری دارایی کابینەکەی لە پۆستەکەی دوورخستەوە و جێرمی هەنتی وەک وەزیری دارایی دەستنیشانکرد.
ئەمەش کاردانەوە و دەنگی ناڕازی بەدوای خۆیدا هێنا و ئەندامانی پارتەکەی دەیانەوێت لە پۆستەکەی دووریبخەنەوە.
پلانە داراییەکانی لیز ترەس قەیرانی سیاسی و ناجێگیری بازاڕی چڕتر کردووەتەوە و لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش کاردنەوەی لێکەوتووەتەوە.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا رەخنە لە سیاسەتی لیز ترەس دەگرێت و دەڵێ، کەمکردنەوە و نەهێشتنی باج لەسەر کەسە دەوڵەمەندەکان کارێکی هەڵەیە و هاوڕانییە لەگەڵی، جەختیشیکردەوە، ئەو پلانە داراییانەشی پەیڕەوی دەکات پلانی هەڵەن و زۆر کەسی دیکەش هاوشێوەی ئەو بە کارێکی هەڵەی دەزانن.
رۆژی 5ـی ئەیلوولـی 2022، ئەندامانی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا، (لیز ترەس)ـیان بە سەرۆکی نوێی حزبەکەیان هەڵبژارد. بەپێی سیستەمی سیاسیی بەریتانیا، سەرۆکی حزبی براوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی، دەبێتە سەرۆکوەزیرانی وڵات.

لیز ترهس کێیە؟
لیز ترهس، ساڵی 1975 لە ئۆکسفۆرد لەدایکبووە. ئەو گوتبووی باوکی و دایکی (کە مامۆستای بیرکاری و پەرستار بوون) لە حزبی پارێزگارانیش چەپتربوونە.
خاتوو ترهس لە قوتابخانە حکومییەکان خوێندوویەتی و پێشتر ئەندامی حزبی لیبرال دیموکرات بووە و ساڵی 1994 لە کۆنفرانسی ساڵانەی ئەو حزبەدا، پشتگیری لە نەمانی پاشایەتی کرد.
ئەو لە زانکۆی ئۆکسفۆرد، بەکالۆریۆسی فەلسەفە، سیاسەت و ئابووری وەرگرت و دواتر وەک ژمێریار لە کۆمپانیای "شێل" کاری کرد و ماوەیەکیش بەڕێوەبەری ناوەندێکی هزریی پاوانخواز بوو.
ئەو، لە زانکۆ چالاکی سیاسی هەبوو و لەو سەردەمەدا بوو بە ئەندامی حزبی پارێزگاران. لیز ترهس لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ساڵەکانی 2001 و 2005 کاندیدبوو، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. دواجار ساڵی 2010 بە پشتگیریی دەیڤید کامیرۆن سەرۆکوەزیرانی ئەو کات، توانی بچێتە پەرلەمان. دوو ساڵ دواتر وەک یاریدەدری وەزیری پەروەردە یەکەم ئەرکی حکومی وەرگرت و ساڵی 2014 بوو بە وەزیری کشتوکاڵ و ژینگە.
ترهس، تا ساڵی 2021 وەک وەزیری داد، بریکاری وەزارەتی دارایی و وەزیری بازرگانیی نێودەوڵەتی کاری کردووە و تا لەو ساڵەدا بوو بە وەزیری کاروباری دەرەوەی بەریتانیا.
خاتوو ترهس پێش لە راپرسیی ساڵی ٢٠١٦ لایەنگرنی مانەوەی بەریتانیا لە ناو یەکێتی ئەوروپادا بوو و پێیوابوو برگزیت دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بازرگانی و وەبەرهێنان و هەلی کار، بەڵام دوای سەرکەوتنی ریفراندۆمەکە، کەمکەم بۆچوونی گۆڕا و بوو بە لایەنگرێکی بەهێزی دەرچوونی بەریتانیا لە ناو یەکێتی ئەوروپا.