غازی فەهد دەبێتە راهێنەری یانەی هەولێر و ئەمشەو دەگاتە شاری هەولێر

غازی فه‌هد
غازی فه‌هد

K24 – هەولێر:

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، یانەی هەولێر لەگەڵ غازی فەهد راهێنەری پێشووی مینا گەیشتووەتە رێککەوتن و ئەمشەو ئەو راهێنەرە دەگاتە شاری هەولێر بۆ ئەوەی واژۆ لەسەر گرێبەستەکەی بکات، کە پێشتر غازی فەهد راهێنەری یانەی مینا بووە و ماوەیەکیش یاریدەدەری راهێنەری یانەی عەینی ئیماراتی بووە.

هەریەکە لە حەیدەر عەبدولئەمیر وەکو یاریدەدەری و منیر جابر راهێنەری توانای جەستەیی بەشێک دەبن لە ستافی غازی فەهد.

هەولێر لەم وەرزەی خولی نایابی عێراق هەر سێ یارییەکەی دۆڕاندووە و هیچ خاڵێکی نییە و نزار مەحرووس دوای تێپەڕبوونی دوو گەڕ و دۆڕانی بەرامبەر کەبەرلا و کارەبا دەستی لە راهێنەرایەتی یانەی هەولێر کێشایەوە، لە دوایین یارییشدا هەولێر بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بە نەفتی میسان دۆڕا.

هەولێر رۆژی سێشەممە لە گەڕی چوارەمی خولی نایابی عێراق لە یاریگای خۆی میوانداریی حدوود دەکات و ئەو یارییە دەبێتە یەکەمین یاریی بۆ یانەکەی قەڵاومنارە لەژێر سەرپەرشتی راهێنەرە نوێیەکەی.

غازی فەهد ساڵی 1974 لەدایکبووە و وەکو یاریزان یاریی بۆ یانەکانی مینا و دهۆک و زەوڕا کردووە و وەکو راهێنەریش ساڵی 2009 بووە سەرۆکی ئەکادیمیای یانەی عەینی ئیماراتی، لە ساڵەکانی 2013 و 2017 ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی مینای گرتووەتە ئەستۆ.