زیانی لافاوەكانی پاكستان بە 30 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت
K24 - ههولێر:
به گوێرهی زانیارییهكانی ئاژانسی ئهنادۆڵی توركی، لافاوەکانی پاکستان کاریگەرییان لەسەر ژیانی پتر لە 33 ملیۆن کەس دروستکردووە، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 14 ملیۆن و 563 هەزاریان لە ویلایەتی سیند، دەژین و زیانی لافاوەكانیش بە 30 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
ئەو کەسانەی بەهۆی لافاوەوە ئاوارەبوون، لە بارودۆخێکی سەختدا لەناو چادرەکاندا ژیان دەبەنەسەر و لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان وەک ئاوی خواردنەوە، خۆراکی پێویست، دەستشۆر و گەرماودا، دووچاری سەختی دەبنهوه، زۆرێک لەو خێزانانەش ئاوی خواردنەوەیان دەستناکەوێت، بەناچاری باراناو بەکاردێنن.
بەهۆی ئەو لافاوانەی پاکستانی گرتووهتهوه، دەیان هەزار کەس ماڵەکانییان داڕووخا و ناچاربوون رووبکەنە کەمپە کاتییەکان، نزیکبوونەوەی وەرزی زستانیش نیگەرانییەکانی ئەو کەسانەی زیاترکردووە.
زیاتر لە 200 هەزار کەس بەهۆی رووخانی خانووەکانیانەوە لە کەمپەکانی ویلایەتی سیند، دەژین.
شاری مەهار هەزار و 150 کیلۆمەتر لە ئیسلامئابادەوە دوورە، بەڵام لە ئێستادا ماوهی گهیشتن بەو شاره له پایتهختهوه دهگاته 17 کاتژمێر، ئەمەش بەهۆی تێكچوونی شەقام و کۆڵانەکان بههۆی لافاوهوه كه وایکردووە هەزاران کەس ناچاربن پەنا ببەنە بەر چادرەکان.
ئەو کەسانەی بەهۆی لافاوەوە ئاوارەبوون، لە بارودۆخێکی سەختدا لەناو کەمپەکاندا ژیان بەسەردەبەن و لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان وەک ئاوی خواردنەوە، خۆراکی پێویست، دەستشۆر و گەرماو دا، دووچاری سەختی دەبن، زۆرێک لەو خێزانانەشی ئاوی خواردنەوەیان دەستناکەوێت بەناچاری ئاوی باران بەکاردێنن.
لافاو کاریگەری لەسەر هەمووان دروستکردووە و وەک چۆن خانوو و کێڵگەکانی داپۆشیوە، بەهەمان شێوە گۆڕستانەکانیش کەوتوونەتە ژێرئاو.
ئەو کەسانەی بۆ سەردانی گۆڕی ئازیزانییان سەردانی گۆڕستانەکان دەکەن، بە بینینی ژێرئاوکەوتنی گۆڕەکان، داخی لەدەستدانی ئازیزانیان تازەدەبێتەوە، بەڵام وێڕای ئەوەش خێزانە پرسەدارەکان بەناو ئاودا رێدەکەن و دەچنە سەر گۆڕی ئازیزانیان.
بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی نیشتمانی کارەساتە سرووشتییەکانی پاکستان (NDMA)، بەهۆی لافاوەکانەوە هەزار و 725 کەس گیانیان لەدەستداوە کە 634 یان منداڵ بوون.
هەروەها 13 هەزار و 115 کیلۆمەتر رێگا زیانیان بەرکەوتووە، 438 پرد بەتەواوی داڕوخاون یاخوود زیانییان بەرکەوتووە، دوو ملیۆن و 278 هەزار و 148 خانوو زیانییان بەرکەوتووە و لەو ژمارەیەش 890 هەزار و 955 یان بەتەواوی داڕووخاون.
زەرەر و زیانی لافاوەکەش لەسەر بوودجەی پاکستان بە 30 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
سهرچاوه: AA