هۆکاری دوورخستنەوەی سەرۆک کۆماری پێشووی چین لە کۆنگرەی حزبەکەی ئاشکراکرا

K24 - هەولێر:

میدیا فەرمییەکانی چین ئاشکرایانکرد، هۆکاری دوورخستنەوەی سەرۆک کۆماری پێشووی چین لە کۆنگرەی حزبی کۆمۆنیست بۆ تێكچوونی باری تەندروستی دەگەڕێتەوە.

ئاژانسی هەواڵی چین لە تویتەر ئاماژەی بەوەدا، هو جینتاو، سەرۆک کۆماری پێشووی چین سووربووە لەسەر بەشداریکردن لە ئاهەنگی کۆتایی حزبەکەدا، لەکاتێکدا پێویستی بە کاتی زیاتر بوو بۆئەوەی تەندروستی باشتر ببێت.

بە گوتەی ئاژانسی فرانس پرێس، کاتێك سەرۆک کۆماری پێشووی چین لە کۆبوونەکەدا هەستیکرد باش نییە، تیمەکەی بۆ چوونەدەرەوە لە هۆڵەکە هاودەمییان کرد، بەڵام ئێستا زۆر باشترە.

دوورخستنەوەی هو جینتاو لە کۆنگرەی حزبەکەی، کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەتی کاتێك کە حزبی کۆمۆنیستی چین هیچ روونکردنەوەیەكیان لەسەر بابەتەکە نەدا.  

(هو جینتاو)ـی تەمەن 79 ساڵ، لە کاتی چوونەدەرەوە لە هۆڵی کۆبوونەوە دەستی لەسەر شانی (لی کێ چیانگ) سەرۆک وەزیرانی چین دانا و دواتر بە یاوەری چەند کەسێك، هۆڵەکەی جێهێشت. جینتاو ئەو کاتەی سەرۆککۆماری وڵاتەکەی بوو، پشتگیرییەکی تەواوی لە (لی کێ چیانگ) دەکرد.

.

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی (شەممە 22ـی تشرینی یەکەم) حزبی کۆمۆنیست، سەرۆک وەزیران و سێ ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە لە کۆمیتەی ناوەندیی نوێ، دەرکران.

حزبی کۆمۆنیستی چین نزیک بە 90 ملیۆن ئەندامی هەیە و وەک گەورەترین حزبی جیهان دەناسرێت.

ئەمڕۆ دواکۆبوونەوەی کۆنگرەی حزبی کۆمۆنیست بوو، سبەی (شی جین پینگ) تیمی رێبەرایەتی نوێی خۆی رادەگەیەنێت.

Fly Erbil Advertisment