وەزیری کارەبا: ترلیۆنێک و 261 ملیار دینار قەرز لای هاوبەشانی کارەبایە

دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان بەردەوامە

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - هەولێر

وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی ترلیۆنێک و 261 ملیار دینار قەرزیان لای هاوبەشانی کارەبایە.

ئەمڕۆ یەک شەممە 23/10/2022 کەمال محەممەد وەزیری کارەبا لە کۆنفراسێکی رۆژنامەنووسیدا لە ئیدارەی زاخۆ ئاماژەی بەوەکرد ملیۆنێک 800 هەزار بەشداربووی کارەبا لە هەرێمی کوردستان هەیە و بڕی ترلیۆنێک و 261 ملیار دینار قەرزی کارەبایان لەسەرە.

راشیگەیاند، ئەو بڕە قەرزە هەمووی لەسەر هاووڵاتیان نییە، بەڵکو بەشێکی لەسەر شوێنە بازرگانی، پیشەسازی، کشتوکاڵی و فەرمانگە حکومییەکانە، لەو بڕە  246 ملیار دینار لەسەر فەرمانگە حکومییەکانە.

وەزیری کارەبا گوتیشی: "لە مانگی داهاتوودا وێستگەیەکی نوێی کارەبا لە شارۆچکەی بازیان لە سلێمانی بە توانای 500 مێگاواتە دەکەوێتە کار، ئەمەش کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا زیاتر دەکات".

کەمال محەممەد، کە هاوکات وەزیری سامانە سرووشتییەکانە بە وەکالەت لە کۆنفراسە رۆژنامەنووسییەکەدا ئەوەشی خستەروو، دابەشکردنی نەوتی سپی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە 20/10/2022 دەستیپێکردووە و بەردەوامە.

گوتیشی: "بە گورژمەی 70 ملیار دینار نەوتیان کڕیوە و بەسەر خێزانەکانە لەناوچە شاخاوییەکان دابەشی دەکەن، کە ژمارەیان 320 هەزار خێزانە و تائێستا زیاتر لە 1500 خێزان تەنیا لە ئیدارەی سەربەخۆیی زاخۆ نەوتیان وەرگرتووە".

کەمال محەممەد باسی لەوەشکرد: "لە 23ی تەممووز لەکاتی سەردانی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا باسییان لە ناردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کردووە، هەروەها لە 3ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، مستەفا کازمی  لەکاتی سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان بەڵێنیدابوو لە 15ی تشرینی یەکەم بڕە نەوتێک بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام تائێستا نەنێردراوە".

دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان کاریگەری لەسەر نرخی نەوت لە بازاڕ دا کردووە و بەهۆیەوە نرخی بەرمیلێک نەوت لە نزیکەی 300 هەزارەوە بۆ 250 هەزار دینار دابەزیووە.

١٢ی ئەیلوولی ئەمساڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بە فەرمانی مەسرور بارزانی لە مانگی تشرینی یەکەم نەوت بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشدەکرێت، لە سەرەتادا لە ناوچە شاخاوییەکان( ناوچە ساردەکان) بە شێوەی پاڵپشتیکراو دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی دەکرێت، دواتر لە رێگای بریکارەکانی خۆراک لە قەزا و سەنتەری شارەکانیش دابەش دەکرێت، هەوڵدەدرێت بۆ سەرەتای وەرزی زستان تەواوی هاووڵاتیان لە وەرگرتنی نەوت سوودمەندبن.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە هەر ماڵێک بەرمیلێک نەوتی سپی بە 103 هەزار و 500 دینار پێبدات کە خۆی بەرمیلێک نەوتی بە "بڕی 284 هەزار دینار کڕیووە".