حەیدەر شەشۆ: رێککەوتنی یەپەشە و حکوومەتی عێراق بێ بەرامبەر نییە

حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدخان رایدەگەیەنێت، پرۆسەی تێکەڵبوونی هێزەکانی یەبەشە لە ناو سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، ئەگەر بە دروستی جێبەجێ بکرێت لە بەرژەوەندیی خەڵکی شنگالدایە، چونکە بەهانەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە ناهێڵێت، بەڵام هۆشداریش دەدات لەوەی نابێت چەکدارانی بیانی بە ناسنامەی عێراقییەوە تێپەڕێنرێن.

حەیدەر شەشۆ، دەربارەی رێککەوتنی بەسوپابوونی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) لەگەڵ حکوومەتی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند "لە بنەڕەتدا هەر هەنگاوێک دۆخی شنگال بەرەو ئارامی ببات و لە دەستی هێزە نایاساییەکان دەریبهێنێت لە قازانجی دەڤەرەکەدایە. ئەم هەنگاوە دەتوانێت رێگری لە دەستوەردان و بۆردومانەکانی تورکیا بکات، بەڵام ئەوەی کراوە تەنیا هەنگاوێکی سەرەتاییە و پێناچێت بە ئاسانی و لە ماوەیەکی کەمدا یەکلایی ببێتەوە".

فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدخان ئاماژەی بە ژمارەی ئەو چەکدارانە کرد، ناویان دراوەتە بەغدا و گوتی "باس لە زیاتر لە پێنج هەزار کەس دەکرێت (نزیکەی چوار هەزار چەکدار و سەرووی هەزار کارمەندی مەدەنی)، کە بەشێکیان دەخرێنە سەر حەشدی شەعبی و بەشەکەی دیکەیان سەر بە سوپا و پۆلیسی ناوخۆیی".

لە بارەی گومانەکانیشەوە شەشۆ هۆشداری دا "گرفتی سەرەکی ئەوەیە هەموو ئەو چەکدارانە خەڵکی رەسەنی شنگال نین؛ بەشێکیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستان یان باکوورن و لە رابردوودا بە ناوی شنگالییەکانەوە ناسنامەی عێراقییان بۆ دەرکراوە. ئەگەر بەغدا وردبینی نەکات و خەڵکی بیانی لە رێگەی ئەم هێزەوە جێگیر بکرێن، ئەوا کێشە و ئاستەنگی زۆر گەورەتر بۆ شنگال دروست دەبێت".

حەیدەر شەشۆ جەختی لەوە کردەوە، تاکە چارەسەری بنەڕەتی بۆ سەقامگیریی ناوچەکە جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتننامەی شنگالە لە نێوان هەولێر و بەغدا، هاوکات رەخنەی لە کەمتەرخەمیی حکوومەتی فیدراڵ گرت و رایگەیاند "تا ئێستا بەغدا لە ئاست بەرپرسیارێتیدا نەبووە، لە 10% بۆ 18% زیاتری قەرەبووی مادی و شایستەکانی خەڵکی شنگالی خەرج نەکردووە، بەبێ ئاوەدانکردنەوە و دابینکردنی خزمەتگوزارییش ئاوارەکان ناتوانن بە تەواوی بگه‌ڕێنەوە سەر زێدی خۆیان".