دانیشتووانی كه‌مپی لیوا ره‌شه‌كه‌ی كه‌لار سوپاسی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن

K24 - گەرمیان:

دانیشتووانی نێو كه‌مپی لیوا ره‌شه‌كه‌ی كه‌لار سوپاسی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، لە بەرامبەر پێدانی 163 پارچه‌ زه‌وی.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ (23ـی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، هاووڵاتییانی دانیشتووی كه‌مپی لیوا ره‌شه‌كه‌ی قه‌زای كه‌لار له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی دڵخۆشی خۆیان له‌ به‌رامبه‌ر بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ پێدانی 163 پارچه‌ زه‌وی پێیان ده‌ربڕی و رایانگه‌یاند، زیاتر له‌ 30 ساڵه‌ بارودۆخیان له‌وپه‌ڕی خراپدایه‌، وەکخۆیان دەڵێن، بڕیاره‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی لەو بارودۆخە ناهەموارە رزگاریان دەکات.

یەکێک لەو ئافره‌تانەی کە دانیشتووی نێو كه‌مپه‌كه‌یە بە کوردستان24ی گوت: "لەبارو دۆخێکی خراپدا ژیان بەسەر دەبەین، زیاتر له‌ 30 ساڵه‌ له‌ خانوویه‌كدا ده‌ژیم كه‌ دوومەتر به‌ دوومەترە واتا (چوار مه‌تر چوارگۆشه‌یه‌)، له‌ وه‌رزی زستان كاتێك باران ده‌بارێت، ژیاننمان زۆر سه‌خت ده‌بێت و ئاو له‌سه‌ر بانی خانووه‌كه‌مان دێته‌ خواره‌وه‌".

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ (20ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی قەرەبووكردنەوە و چارەسەركردنی گرفتەكانیان، بڕیاریدا بە تەرخانكردنی 163 پارچە زەوی بۆ ماڵەكانی هەردوو بینای لیوا رەشەكە و جەمەلۆنەكە لە شاری كەلار، به‌هۆی ئه‌وه‌ی شوێنەكەیان بۆ نیشتەجێبوون گونجاو نییە و مەترسی رووخان و بوومەلەرزەیان لەسەر هەیە.

به‌هۆی نه‌شیاوی شوێنه‌كانیان بۆ ژیانكردن و بوونی مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیان، سەرۆكی حكومەتی هه‌رێمی كوردستان بڕیاریداوه‌، بە دابینكردنی پارچە زەوی لەسەر رووبەری (200 مه‌تر چوارگۆشه‌) لە شوێنێكی شایسته‌ و گونجاو له‌ سنووری شارەوانیی كەلار تاوەكو رزگاریان بێت لەو بارە ناهەموارەی تێیدان.