زێلێنسکی: رووسیا داوای دوو هەزار درۆنی دیکەی لە ئێران کردووە

"ئێران لە بەرامبەر ئەو چەکانەدا پارەی ناوێت، بەڵکو دەیەوێت رووسیا لە پەرەپێدانی بەرنامە ناووکییەکەیدا یارمەتی بدات"

خۆپێشاندانی ئۆکرانییەکان دژی بەکارهێنانی درۆنی ئێرانی
خۆپێشاندانی ئۆکرانییەکان دژی بەکارهێنانی درۆنی ئێرانی

K24 - هەولێر

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆککۆماری ئۆکرانیا، لەسەر بنەمای راپۆرتی دەزگای زانیاریی وڵاتەکەی، رایگەیاندووە کە رووسیا داوای دوو هەزار فرۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری (شاهید – 136)ـی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە.

سەرۆککۆماری ئۆکرانیا بە رۆژنامەی هارێتسی گوتووە، رووسیا جیا لەو جۆرە درۆنە، داوای مووشەکی بالستی و چەند جۆرێکی دیکەی فرۆکەی بێفڕۆکەوانی کردووە.

زێلێنسکی روونی نەکردەوە، ئەو ژمارە درۆنەی باسی لێ دەکات، درۆنە کۆنەکانیشی لەگەڵ دایە یان نا.

ئەو دەڵێ: راهێنەرە ئێرانییەکان بۆ فێرکردنی بەکارهێنانی درۆنەکان لەلایەن سەربازانی رووسییەوە، سەردانی ئەو وڵاتەیان کردووە.

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی دووپاتیکردووەتەوە، "ئێران لە بەرامبەر ئەو چەکانەدا پارەی ناوێت، بەڵکو دەیەوێ رووسیا لە پەرەپێدانی بەرنامە ناووکییەکەیدا یارمەتی بدات."

وڵاتانی رۆژئاوایی سوورن لەسەر ئەوەی ئێران درۆنی بە رووسیا داوە و ئەو چەکانەش لە شەڕی ئۆکرانیادا بەکار دێن. تاران و مۆسکۆ ئەوە رەتدەکەنەوە.

رۆژی 19ـی تشرینی یەکەم، سوپای ئۆکرانیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "رۆژی 13ـی ئەیلول یەکەم درۆنی ئێرانی لە جۆری (شاهید - 136)ـمان خستەخوارەوە و لە شەش رۆژدا توانیومانە 223 درۆنی ئێرانی بپێکین".