كۆچی ژینگه‌یی به‌رۆكی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌گرێت

K24 – هه‌ولێر:
شاره‌زایان هۆشداری ده‌ده‌ن، چونكه شاره‌كان به شێوه‌یه‌كی ئاسۆیی گه‌وره ده‌بن، ملیۆنان كه‌س ناچار ده‌بن به هۆی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا كۆچ بكه‌ن، ململانێكان له باره‌ی سه‌رچاوه‌كانی ژیانه‌وه په‌ره‌ده‌ستێنن. كشتوكاڵ روو له نه‌مان و ئاوی شیرین تا دێت كه‌متر ده‌بێته‌وه.
حسێن ئه‌بوسه‌دام، نه‌قیبی جووتیارانی میسر به ئاژانسی فرانس پرێسی راگه‌یاندووه، گه‌نجان له گونده‌كانه‌وه روو له ده‌ره‌وه‌ی وڵات یان شاره گه‌وره‌كان ده‌كه‌ن. به‌شێكی زۆریان به هۆی گۆڕانی كه‌شوهه‌واوه كۆچ ده‌كه‌ن.
وتیشی: میسر یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی زۆرترین زیانی به‌رده‌كه‌وێت به هۆی كۆچی ژینگه‌ییه‌وه. چونكه وڵاته‌كه وشكه‌ساڵیی رووی تێكردووه. نه‌خۆشی كشتووكاڵی زۆر بڵاوبووه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت به‌رهه‌می كشتووكاڵی وه‌ك پێویست نییه.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، كۆمیسیۆنی باڵای نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری په‌نابه‌ران رایگه‌یاند، %90ی په‌نابه‌ران له‌و ناوچانه‌وه‌یه، كه زۆرتر له ژێر كاریگه‌ری گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وادان.
جێگری به‌ڕێوبه‌ری رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچ، ئیمی بۆب، به ئاژانسه‌كه‌ی راگه‌یاندووه، ئه‌گه‌ر خواردن و داچاندنی زه‌وی بۆ خه‌ڵك ده‌سته‌به‌ر نه‌كرێت، هیچ رێگه‌یه‌كی دیكه نامێنێته‌وه، ته‌نیا كۆچ نه‌بێت.
وتیشی: رووداوه سرووشتییه‌كانی 2021 وایكردووه 3 ملیۆن هاووڵاتی له ناوچه‌كانی ئه‌فریقا و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه كۆچ بكه‌ن.
هه‌روه‌ها وتی: پێشبینی ده‌كه‌ین ره‌وشه‌كه زیاتر دابڕمێت.
به گوێره‌ی پێشبینی شاره‌زایانی كه‌شوهه‌وا، میسر تا ساڵی 2060، واته كه‌متر له چوار ده‌یه‌ی دیكه نیوه‌ی داهاتی كه‌رتی كشتووكاڵی له‌ده‌ست ده‌دات.
بانكی نێوده‌وڵه‌تی، له‌و بڕوایه‌دایه، ئه‌گه‌ر سنوورێك بۆ گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وا دانه‌نرێت، تا 2050 216 ملیۆن كه‌س ناچار ده‌بن كۆچ بكه‌ن. له پێنج وڵاتی باكووری ئه‌فریقادا 19.3 ملیۆن كه‌س كۆچ ده‌كه‌ن.
دامه‌زراوه‌ی ئه‌وروپایی تایبه‌ت به ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست رایگه‌یاندووه، ناوچه‌كه زۆر هه‌ستیاره به هۆی گۆڕانكاری كه‌شوهه‌واوه، چونكه كه‌ناراوه‌كان پڕن له دانیشتووان و مه‌ترسی ئه‌وه‌یان له‌سه‌ره ئاستی ئاوی ده‌ریا به‌رز بێته‌وه، %7ی دانیشتوانی كه‌ناراوه‌كان له به‌رزایی كه‌متر له پێنج مه‌تر له ئاستی رووی ده‌ریا ده‌ژین.
به شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكی دانیشتوان روو له شاره گه‌وره‌كانی وه‌ك قاهیره، جه‌زائیر، تونس، ته‌رابلووس، ربات و دارولبه‌یزا و ته‌نجه ده‌كه‌ن.
رێكخراوی یونیسێف رایگه‌یاندووه، 11 وڵات له كۆی زیاتر له 17 وڵات رووبه‌ڕووی كێشه‌ی كه‌می ئاو ده‌بنه‌وه. ئه‌و وڵاتانه ده‌كه‌ونه ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقا.
بانكی نێوده‌وڵه‌تی رایگه‌یاندووه، ئه‌گه‌ر رێكاری چاره‌سه‌ر نه‌گیرێنه به‌ر تا 2050 عێراق پله‌ی گه‌رمی عێراق به ئه‌ندازه‌ی پله‌یه‌كی سه‌دی هه‌ڵده‌كشێت، باران به رێژه‌ی %10 كه‌مده‌بێته‌وه، ئه‌و وڵاته‌ی 42 ملیۆن دانیشتووی هه‌یه %20ی ئاوی شیرینی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات.
سه‌رچاوه: فرانس پرێس