لاڤرۆڤ: پوتن ئاماده‌ی گفتوگۆیه
چاره‌سه‌ری مامناوه‌ند و له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندیی وه‌ك یه‌كی وڵاتانمان ده‌وێت

K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ، رایگه‌یاند، سه‌ركردایه‌تی رووسیا له سه‌روویانه‌وه، سه‌رۆكی وڵات، ڤلادیمێر پوتن، ئاماده‌ی گفتوگۆیه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ئۆكرانیا.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (30ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2022)، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا رایگه‌یاند، "ئاماده‌یی رووسیا، بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتیانه و گفتوگۆ له باره‌ی چاره‌سه‌ری قه‌یرانی ئۆكرانیا وه‌ك خۆیه‌تی و نه‌گۆڕاوه".
لاڤرۆڤ وتیشی: "سه‌ركردایه‌تی رووسیا، له سه‌روویانه‌وه، ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی وڵات ئاماده‌ن بۆ گفتوگۆكردن له باره‌ی ئۆكرانیاوه".
هه‌روه‌ها وتی: "ئێمه هه‌میشه ئاماده‌بووین گوێ له پێشنیازی هاوبه‌شه خۆرئاواییه‌كان بگرین، كه ئامانج لێی نه‌هێشتنی گرژی بێت، ئه‌گه‌ر پێشنیازی واقیعانهمان ئاراسته بكه‌ن، له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كسانی و رێزی به‌رامبه‌ر و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی وه‌ك یه‌ك، له پێناو دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی مامناوه‌ند و به‌دیهێنانی هاوسه‌نگی نێوان به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو وڵاتان، به دڵنیاییه‌وه ئێمه له‌گه‌ڵیدا ده‌بین، وه‌ك چۆن له رابردووش‌دا هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره چاره‌سه‌ره‌دا بووین".
به هۆی ناكۆكییه‌كانی نێوان خۆرئاوا له‌گه‌ڵ رووسیا و هه‌وڵدانیان بۆ وه‌رگرتنی ئۆكرانیا له یه‌كێتی ئه‌وروپا و جێگیركردنی سیستمی به‌رگری ناتۆ له سه‌ر خاكی ئۆكرانیا، رووسیا له رۆژی (24ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)، هێرشی زه‌مینی بۆ سه‌ر ئۆكرانیا ده‌ستپێكرد و تا نزیك شاری كیێڤی پایته‌خت رۆیشت و دواتر ده‌ستی به كشانه‌وه كرد.
سه‌رچاوه: RT