حەفت ساڵ بەسەر دامەزراندنی کوردستان24 تێدەپەڕێت

بەڕێوەبەری گشتی کوردستان24: هەر بابەتێک سوودی مەعنەویی و مەعریفی بە بینەرە نەگەیەنێت لای ئێمە نابێتە هەواڵ

ئۆفیسی سەرەکی دامەزراوەی کوردستان24 لە هەولێر
ئۆفیسی سەرەکی دامەزراوەی کوردستان24 لە هەولێر

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ حەفت ساڵ بەسەر دامەزراندنی دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 تێدەپەڕێت، کوردستان24 لەم ماوەیەدا وەکو میدیایەکی پرۆفێشناڵ، توانیویەتی پیشەییانە لە کوردستان و ناوچەکە و جیهان، هەواڵ و زانیاری بگوازێتەوە و رۆڵی گرنگی هەبووە لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان.

ئەحمەد زاوێتەیی، بەڕێوەبەری گشتی دامەزراوەی کوردستان24 لەو یادەدا دەڵێت: "ئامانجی مەزنمان هەیە و دەمانەوێت رووماڵی خۆمان بگەیەنینە هەموو جیهان، ئامانجی گەورەترمان راستگۆییە لەگەڵ بینەر و خوێنەر و بیسەرانمان، رەنگە ئێمە دەستمان بە هەموو راستییەکان نەگات یان هەموو راستییەکان نەگەنە دەستی ئێمە، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەوەی ئێمە دەیڵێین راستبێت، ئەمڕۆ گوتاری میدیایی کەناڵەکانی هەواڵیی مەترسی گەورەیان لەسەر بینەر هەیە، ئەگەر پێناسە بۆ هەواڵ نەکەین، نازانین چی دەبێتە هەواڵ".

گوتیشی: "هەر بابەتێک سوودی مەعنەویی و مەعریفی بە بینەرەکانمان نەکات لای ئێمە نابێتە هەواڵ، پێچەوانەکەی لای ئێمە دەبێتە هەواڵ و راپۆرت".

بەڕێوەبەری گشتی کوردستان24، دەشڵێت: "لە ساڵی هەشتەمی کارکردنی کوردستان24 خۆمان ئامادە دەکەین بۆ گۆڕانکاری لە کەناڵەکەمان لەپێناو خزمەتی بینەرەکانمان".

كوردستان24 لە رێگەی تۆڕێكی فراوانی پەیامنێران له‌ كوردستان و زۆربەی وڵاتانی دونیا، بەخێرایی و بێلایەنانە، بە دوای رووداوەكاندا ده‌چێت و بەدواداچوونی وردی چركە بە چركەی ھەیە لەسەر ئەو بابەتانەی بۆ پێكھاتە جیاجیاكانی كوردستان جێگەی بایەخن، هاوسه‌نگی و بابه‌تیبوون و به‌رپرسیاریه‌تی له‌ رووماڵ و به‌دواداچوونه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان په‌یڕەو ده‌كات و بە گوێره‌ی ستاندارده‌ باوه‌كانی میدیایی و ئیتیكی رۆژنامه‌وانی کار دەكات، کوردستان24 كارده‌كات بۆ بڵاوكردنەوەی كولتووری لێبوردەیی و پێكه‌وه‌ژیان و ئاشتەوایی و دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ لە كوردستان. كارده‌كات بۆ بڵاوكردنەوەی كولتووری ژینگه‌پارێزی، پەروەردەیەكی تەندروست، به‌رزكردنه‌وه‌ی ئینتمای تاك بۆ خاك و نیشتمان. كوردستان24 مافی راده‌ربڕین بۆ هه‌موو پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی كوردستان و ناوچه‌كه‌، به‌ جیاوازی فیكری و ئایینی و مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌یی مسۆگه‌ر ده‌كات، هەروەها پەرە بە بیری سەربەخۆیی لە كوردستان دەدات.

.
.

دامەزراوەی کوردستان24 لە 31/10/2015، دامەزراوە، لەڕیگەی کەناڵی تەلەڤزیۆن و پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا و رادیۆ، هەوڵیداوە پیشەییانە و نیشتمانیانە مامەڵە لەگەڵ هەواڵ و زانیاریدا بکات، لە ماوەی کارکردنیشیدا کوردستان24 بووەتە سەرچاوە بۆ بەشێک لە میدیا جیهانییەکان.

Fly Erbil Advertisment