حکومەتی کەنەدا گەمارۆی نوێی خستەسەر دامەزراوە و بەرپرسانی ئێران

دامەزراوەی موستەفا لە دەیان وڵات قوتابخانەی ئایینی و زانکۆی داناوە
دامەزراوەی موستەفا لە دەیان وڵات قوتابخانەی ئایینی و زانکۆی داناوە

K24- هەولێر

حکومەتی کەنەدا گەمارۆی خستەسەر پۆلیسی ئێران، دامەزراوەی مستەفا، چەند بەرپرسیکی سەربازی و دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران.

ئاژانسی (بی بی سی) بڵاویکردەوە، حوسێن رەحیمی فەرماندەی هێزی ئینتیزامی تارانی گەورە، ئەحمەد فازڵیان جێگری سەرۆکی دادگای گشتی، ئەسەدوڵا جەعفەری بەڕێوەبەری گشتیی دادگای پارێزگای خوراسانی باکوور و مورتەزا موسەوی جێگری سەرۆکی دادگای پارێزگای مازندەران، لەو بەرپرسانەی ئێرانن کە لەلایەن حکومەتی کەنەداوە گەمارۆیان خراوەتەسەر.

مێلانی جولی، وەزیری دەرەوەی کەنەدا گوتی، "ئەمە چوارەمین بەشی گەمارۆکانی حکومەتی کەنەدایە دژ بە ئێران و بە هۆی پێشێلکردنی روون و ئاشکرا و سیستەماتیکی مافی مرۆڤ و درێژەی هەوڵەکان بۆ تێکدانی ئاشتی و ئاسایش، جێبەجێ دەکرێن."

خاتوو جولی دەڵی: حکومەتی کەنەدا پێیوایە کەس و دامەزراوەکانی نێو ئەو لیستە نوێیە، دەستیان لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران و چالاکی تێکدەرانی تاران لە دەرەوەی خاکی خۆی و لەوانە وڵاتانی درواسێدا، هەبووە.

حکومەتی کەنەدا لە کاتی کوشتنی ژینا ئەمینی و خۆپێشاندانی خەڵک و سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە تا ئێستا، گەمارۆی خستووەتەسەر دەیان بەرپرس و دامەزراوەی ئێران.

لە بەیاننامە نوێیەکەی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا، هێزی ئینتیزامی بەوە تۆمەتبارکراوە کە "لە سەرکوت و رەشبگیری خۆپێشاندەران و بەتایبەت لە رێگەی یەکە تایبەتەکانەوە"، رۆڵی هەبوو.

لەبارەی دامەزراوەی مستەفاوە

لە بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا، دامەزراوەی مستەفا، وەک دامەزراوەیەک ناسێندراوە کە "ئایدیۆلۆژی حکومەتی ئێران لە رێگەی لقە جیهانییەکانییەوە، بڵاودەکاتەوە".

وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا دەڵێ، "ئەو هێزە لە سووریا جێگیربوونە بۆ ئەوەی پشتگیری لە حکومەتی دیمەشق و بەشار ئەسەدی سەرۆککۆماری سووریا بکەن و دەیانەوێ سیاسەتی تێکدەرانەی ئێران لە ناوچەکەدا جێبەجێبکەن."

کۆمەڵگەی موستەفا دوو ساڵ پێش، لەلایەن ئەمەریکاوە بە تۆمەتی هاوکاری لە چالاکییە سەربازی- سیخوڕییەکانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، گەرمارۆی خرایەسەر.

ئەو دامەزراوەیە لە دەیان وڵات قوتابخانەی ئایینی و زانکۆی داناوە و "بوودجەیەکی زۆر" لە کۆماری ئیسلامی ئێران وەردەگرێت.

بەپێی یاسای کەنەدا ئەو کەسانەی گەمارۆیان خراوەتەسەر، مافی چوون بۆ کەنەدایان نییە و ئەگەر موڵک و ماڵیشیان لەو وڵاتەدا هەبێت، دەستی بەسەردا دەگیرێت.