رێژهی ههژاری له عێراقدا گهیشتووهته ئاستێكی مهترسیدار
K24 - ههولێر:
ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند، نۆ ملیۆن عێراقی بە دەست هەژارییەوە دەناڵێنن و ژمارەی بێکاریش لە وڵاتەکە گەیشتووەتە چوار ملیۆن کەس.
حازم ردینی، سەرۆکی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ له عێراق، لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، رێژەی هەژاری لە عێراق گەیشتووەتە ئاستێکی پێشبینی نەکراو، ئاماژەی بەوەشدا 25%ى دانیشتووانی وڵات لهژێر هێڵی ههژاریدان، کە نزیکەی نۆ ملیۆن کەس لە کۆی 40 ملیۆنی دانیشتووانی وڵاتەکە بە دەست هەژارییەوە دەناڵێنن.
سەرۆکی ناوەندی ستراتیژی ئاماژەی بەوەشداوە، رێژەی بێکاری لە عێراق بۆ 14% بەرزبووهتەوە، واتە نزیکەی چوار ملیۆن کەس لە دانیشتووانی عێراق بێکارن.
ناوەندەکە هۆکاری بەرزی رێژەی بێکاری بۆ دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دەگەڕێنێتەوە، هەروەها لاوازی پاڵپشتی حكومهت بۆ کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و پشتبەستنی زیاتر بە هاوردەكردن.
ناوەندەکە داوا لە حکومەتی نوێی عێراق دەکات، چارەسەری راستەقینە بدۆزێتەوە وەک بەرزکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار و دابینکردنی پاڵپشتی بۆ کەرتەکانی کشتوکاڵی و پیشەسازی، سەرەڕای ئەوەش بڕ و کوالێتی بهشه خۆراكی مانگانه باشتر بکات.