نێچیرڤان بارزانی و باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەنەوە

.
.

K24 - هەولێر

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2022/11/2 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ خاتوو ئێلێنا رۆمانۆوسكى، باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق و شاندێكى ديپلۆماسى و سه‌ربازيى ياوه‌رى كرد.

بەگوێرەی ماڵپەری فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دوايين پێشهاته‌ سياسييه‌كانى عێراق و پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى عێراقيان تاوتوێكرد و جه‌ختيان له‌ گرنگيى ده‌ستنيشانكردنى كاره‌ له ‌پێشينه‌كانى حكومه‌تى عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها هاوڕابوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پێکهێنانی حكومه‌تى نوێى عێراق ده‌ره‌فه‌تێكه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، ده‌توانێت كار بۆ ئارامى و سه‌قامگيريى وڵات بكات كه‌ كاردانه‌ى به‌سه‌ر سه‌قامگيريى ته‌واوى ناوچه‌كه‌دا هه‌يه‌.

ئاماژە بەوەشکراوە، هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى په‌يوه‌نديى هاوسه‌نگى عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌ كرده‌وه‌ و هاوڕابوون كه‌ حكومه‌تى نوێى عێراق ده‌ر‌فه‌تى هه‌يه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ رێگه‌ى خۆشكردنى زه‌مينه‌يه‌كى له‌باره‌وه‌، هانى وه‌به‌رهێنان بدات و سه‌رمايه‌ و كه‌رتى تايبه‌تى بيانى رابكێشێت، بۆ ئه‌وه‌ى به‌شدارى و هاوبه‌شى له‌ پرۆسه‌ى پێشخستنى وڵاتدا بكه‌ن.

په‌يوه‌ندييه‌كانی ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو، تێدا وێڕاى دووپاتكردنه‌وه‌ى خواستى ئه‌مه‌ريكا بۆ بره‌ودان به‌ هاريكارى و په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا تيشكى خسته‌ پرۆسه‌ى چاكسازى و يه‌كخستنه‌ى پێشمه‌رگه‌ و پشتگيرى و هاريكاريى وڵاته‌كه‌ى بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌كه‌ نيشان دا.

كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆ و هه‌وڵه‌كانى چاره‌سه‌كردنيان، گرنگیی چارەسەر كردنی كێشەی نەوت و غاز لەگەڵ بەغدا، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و گرنگيى خاوكردنه‌وه‌ى گرژييه‌كان، گۆڕانى كه‌شوهه‌وا، چاكسازيى ئابوورى، ره‌وشى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌ورێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون، كه‌ كونسوڵی گشتيى ئه‌مه‌ريكا له‌ هه‌رێمى كوردستان و به‌رپرسى ديسكى عێراق له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا ئاماده‌ى بوون.

.
.