ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا دەستگیرکردنی 21 تۆمەتبار و باندێکی ماددەی هۆشبەری راگەیاند

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا لە چەند هەڵمەتێکی ئەمنیدا لە کەرخ و رەسافە، 21 تۆمەتبار دەستگیر کراون کە باندێکی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر و چەندین سەرپێچیکاری نشینگەیان تێدایە؛ هاوکات دەست بەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنیدا گیراوە و تۆمەتبارانیش رەوانەی دادگا کراون.

یەکشەممە 15ی تشرینی دووەمی 2026، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا لە رێگەی زنجیرەیەک هەڵمەتی ئەمنییەوە، توانیویانە 21 تۆمەتبار لە ناوچە جیاوازەکانی پایتەختی عێراق دەستگیر بکەن، کە لە نێویاندا باندێکی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر و چەندین سەرپێچیکاری یاساکانی نشینگە هەن.

بە گوێرەی راگەیەندراوی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، ئەم ئۆپەراسیۆنانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی فیرقەی دوو و فیرقەی پێنجی سەر بە پۆلیسی فیدراڵی، بە هاوبەشی لەگەڵ فەرماندەیی پۆلیسی رەسافە و بە پشتبەستن بە زانیارییە وردەکانی دەزگا هەواڵگرییەکان ئەنجام دراون. لە میانی هەڵمەتەکاندا دەست بەسەر ژمارەیەک چەکی بێمۆڵەت، تەقەمەنی و کەرەستەی قەدەخەکراودا گیراوە.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا روونی کردەوە کە لە نێو دەستگیرکراوەکاندا باندێکی مەترسیداری بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر هەن، لەپاڵ ژمارەیەک کەسی بیانی و سەرپێچیکار کە بەبێ مۆڵەتی فەرمی و بە پێچەوانەی رێنماییەکانی فەرمانگەی نشینگە و رەگەزنامە لە بەغدا ماونەتەوە.

ئەم هەڵمەتە ئەمنییانە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پلانی سەقامگیریی گەڕەکەکان لە سنووری ناوچەکانی ئینتیسار، ئیعلام، ئەساتیزە، و گەڕەکی قاهیرە لە هەردوو کەرتی کەرخ و رەسافە بەڕێوە چوون، و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانیش پشتڕاستی کردەوە کە سەرجەم دەستگیرکراوان لەگەڵ کەلوپەلە دەستبەسەرداگیراوەکانیان ڕەوانەی لایەنە دادوەرییە پەیوەندیدارەکان کراون تاوەکو رێکاری یاساییان لە بەرامبەردا بگیرێتەبەر.