ساڵی داهاتوو لووتکەی ناتۆ بەڕێوە ناچێت
هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) بڕیاری دا کۆبوونەوە ئاستبەرزەکانی کەم بکاتەوە و لووتکەی سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندام بۆ ساڵی داهاتوو لە ئەلبانیا ئەنجام نەدات، ئەمەش لە سایەی بەردەوامیی گرژییە ناوخۆییەکانی نێو هاوپەیمانێتییەکەدا سەبارەت بە خەرجییەکانی بەرگری، جەنگی ئێران و ململانێی ئۆکرانیا.
یەکشەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2026، ئێدی راما، سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هەڵوێستێکی هاوبەش لەسەر کاتی بەڕێوەچوونی لووتکەی داهاتووی ناتۆ لە ئارادا نییە، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە ساڵی 2027دا ئەنجام نادرێت؛ روونیشی کردەوە ئەگەر بڕیار بدرێت لە ساڵی 2028دا لووتکەکە ببەسترێت، ئەوا لە تیرانای پایتەختی وڵاتەکەی دەبێت.
هەروەها مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی "ئاسۆشیەیتد پرێس" هەوڵی دا بابەتەکە وەک کارێکی ئاسایی وێنا بکات و گوتی؛ ئەوان لە کاتی لووتکەکاندا نەرمی دەنوێنن و تەنیا کاتێک سەرکردەکان کۆدەکەنەوە کە پێویستییەکی راستەقینە هەبێت.
ئەم کەمکردنەوەیە تەنیا بە لووتکەی سەرۆک و سەرکردەکان نەوەستاوە، بەڵکوو لە چوارچێوەی پاکێجێکی دووبارە رێکخستنەوەی کارەکانی ناتۆدا، کۆبوونەوەی مانگی تشرینی یەکەمی وەزیرانی بەرگریش هەڵوەشێندراوەتەوە و بۆ ساڵی 2027یش پلانی بۆ دانەنراوە، هاوکات کۆبوونەوەکانی وەزیرانی دەرەوە بۆ تەنیا یەک کۆبوونەوە لە ساڵێکدا کەم کراونەتەوە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە پیت هێگسێت وەزیری جەنگ و مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کاتی دەستبەکاربوونیانەوە چەندین جار بەشداریی کۆبوونەوەکانی ناتۆیان نەکردووە یان پێش کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکان هۆڵەکەیان جێهێشتووە.
ئەلبانیا کە لە ساڵی 2025دا وەک میوانداری لووتکەی 2027 دەستنیشان کرابوو، ناوەکەی لە راگەیەندراوی لووتکەی تەممووزدا لابرا؛ بەشێک لە هاوپەیمانان پێیان وابوو کە ئەلبانیا بودجەیەکی ئەوتۆ بۆ بەرگری تەرخان ناکات (2.15%ی بەرهەمی ناوخۆیی، لە کاتێکدا ئامانجی ناتۆ تا ساڵی 2035 بریتییە لە 3.5% بۆ بەرگری و 1.5% بۆ ژێرخانی ئەمنی)، هەرچەندە وڵاتانی وەک ئیسپانیا، بەلجیکا و سلۆڤینیا خەرجییەکانیان زۆر لەوەش کەمترە.
هاوکات میوانداریکردنی لووتکەکان بارگرانییەکی دارایی و ئەمنیی یەکجار قورسی هەیە؛ بە جۆرێک هۆڵەندا بۆ لووتکەی ساڵی 2025 نزیکەی 100 ملیۆن دۆلاری خەرج کرد و تورکیاش بۆ لووتکەی ئەمساڵ لە ئەنکەرە دەیان هەزار کارمەندی ئەمنیی بڵاوە پێکرد و بەشێک لە پایتەختی داخست.
جیا لە تێچووی دارایی، لووتکەی ئەمساڵی ئەنکەرە رووبەڕووی ئاڵۆزیی توندی سیاسی بووەوە، کاتێک دۆناڵد ترەمپ جارێکی دیکە باسی دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی گرینلاندی سەر بە دانیمارکی هێنایە بەرباس و داوای "دڵسۆزی" لە ئەندامان کرد و ناتۆی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە جەنگەکەیدا دژی ئێران پشتیوانیی پێویستی نەکردووە.
لە لایەکی دیکەوە، شارەزایانی سەربازی وەک دەیڤد کاتڵەر، بەرپرسی پێشووی هەواڵگریی ناتۆ پێیان وایە کە لە کاتێکدا ئامانجە سەربازییەکان و پێوەرەکانی خەرجی لە ئەنکەرە دیاریکراون، ئەگەر پرسێکی بەپەلە نەبێت کە پێویست بە کۆبوونەوەی 32 سەرکردە بکات، هاوپەیمانێتییەکە دەتوانێت دوو بۆ سێ ساڵ لووتکە ئەنجام نەدات و لە کاتی پێویستدا پەنا بۆ کۆبوونەوەی ئۆنلاین ببات، هاوشێوەی ئەوەی لە شوباتی 2022 و دوای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا رێکخرا.