سوپای پاسداران جارێكی دیكە ھەڕەشە لە ھێزە كوردییەكان دەكات
"لە ئەگەری ھەر جموجۆڵێك بنكە و بارەگاكانیان تۆپباران دەكەین"

K24 - ھەولێر
سوپای پاسدارانی ئێران جارێكی دیكە ھەڕەشە لە حزبە كوردییەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان دەكات، لە ئەگەری نزیكبوونەوە لە سنوورەكان كە لە ھەر جموجۆڵێكیان بنكە و بارەگانیان تۆپباران دەكات.
رەمەزان شەریف، وتەبێژی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند: "پێشتریش ھۆشداریمان دابووە ئەو ھێزانە كە نزیكی سنوورەكانی ئێران نەبنەوە و لە ئەگەری ھەر جموجۆڵێك لە سنوورەكانی رۆژئاوای ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان، بنكە و بارەگای حزبە كوردییەكان لە ھەر شوێنێك بن تۆپبارانیان دەكەین".
لە ماوەی ھەفتەی رابردوودا، سوپای پاسدارانی ئێران بە بیانووی جموجۆڵی سەربازی ھێزەكانی پێشمەرگەی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، سنوورەكانی باشوور و رۆژھەڵاتی كوردستانی لە ناوچەكانی حاجی ئۆمەران و سیدەكان و پێنجوێن تۆپباران كرد و زەرەر و زیانێكی زۆری بە ھاووڵاتیانی دانیشتوی ئەو ناوچانە گەیاند.
حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانیش رایگەیاند، چالاكی پێشمەرگەكانیان تەنھا بە مەبەستی كاری رێكخستن و چالاكی سیاسی لە ناو شارەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان بووە.