وەزیرێکی ئێران: لە زمانی دەستگیرکراوەکان تێناگەین

"ئەمڕۆ کچەکانمان بەبێ لەچک لە شەقامەکان پیاسە دەکەن، چ بوو؟ ئایا هیچ روویدا؟"

خۆپێشاندان لە ئێران
خۆپێشاندان لە ئێران

K24 – هەولێر

عیزەتوڵڵا زەڕغامی، وەزیری کولتوور و گەشتوگوزاری ئێران ئاشکرای دەکات، ئەفسەرانی لێکۆلەر لە زمانی ئەو گەنجانە تێناگەن کە لە خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییەدا دەستگیرکراون.

ئەفسەرێکی لێکۆلەر لە گیراوەکانی ئەمدواییەی خۆپێشاندانەکانی ئێران، بە وەزیری کولتوور و گەشتوگوزاری وڵاتەکەی راگەیاندووە، "نە ئێمە لە قسەی دەستگیرکراوەکان تێدەگەین، نە ئەوانیش لە ئێمە تێدەگەن".

عیزەتوڵڵا زەڕغامی، لەوبارەیەوە راگەیاندووە، "لێکۆلەری سەرەکی دەستگیرکراوەکانی ئەمدواییەی خۆپێشاندانەکانی ئێران کە ئەزموونێکی دوورودرێژی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کەسانی سیاسی هەیە، دوای سەدان لێکۆڵینەوە لەو رۆژانەدا، دانی بەوەنا کە نە گەنجە دەستگیرکراوەکان لە ئەوان تێدەگەن و نە ئەوانیش لەو گەنجانە تێدەگەن".

ئەو لێکۆلەرە بە وەزیری کولتوور و گەشتوگوزاری ئێرانی گوتووە، "ماوەیەکی زۆر لێکۆڵینەوەم لەگەڵ کەسانی سیاسی دیار کردووە. لەو چەند رۆژەشدا لێکۆڵینەوەم لەگەڵ سەدان گەنج کردووە. راستییەکەی ئەوە قورسترین لێکۆڵینەوەکانم بوونە، چونکە کەسمان لە کەس تێناگەین".

عیزەتوڵڵا زەڕغامی
عیزەتوڵڵا زەڕغامی

زەرغامی رۆژی یەکشەممە (6ـی تشرینی دووەم) لە زانکۆی شەریفی تاران قسەی کرد و لەگەڵ ئاماژەدان بە کێشەکانی ئەمدواییەی ئێران و پەیوەستبوونی وەڵامی خۆپێشاندەران بە ئەنجامدانی "چاکسازی" گوتی: ئەمڕۆ کچەکانمان بەبێ لەچک لە شەقامەکان پیاسە دەکەن، چ بوو؟ ئایا هیچ روویدا؟

ئەو لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ: کاتێک بەڕێوەبەری دەزگای راگەیاندنی ئێران بووم، پێشنیارم بە گەورەکان کرد لەبارەی حیجابەوە قسە بکەین و ئەوان لە وەڵامدا دەیانگوت، ئێمە نازانین، پێویستە کەسێک بێت لە زمانی کچێکی 16 ساڵ تێبگات.

خۆپێشاندانی خەڵکی ئێران کە سەرچاوەی لە کوشتنی ژینا ئەمینییەوە گرتووە، زیاتر لە ٥٠ رۆژە بەردەوامە و بە هۆی کاردانەوەی توندی هێزە ئەمنییەکان، بە گوێرەی زانیاریی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران تا ئێستا 304 هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە. تا ئێستا ئاماری وردی ژمارەی برینداران و دەستگیرکراوان دیار نییە.

میدیا فەرمییەکانی ئێران هەواڵی دادگاییکردنی هەزار دەستگیرکراوی خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییەیان لە تاران بڵاوکردووەتەوە و چەند رێکخراوێکی مافی مرۆڤیش لەبارەی ئیعدامکردنی چەند خۆپێشاندەرێک، هۆشداریان داوە.