رووسیا هەڵوێستی خۆی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا راگەیاند
"چاودێری دۆخەکە دەکەین"
K24 - هەولێر:
ئەمڕۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانی ئەمەریکا کۆتاییهات و کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیاش لەوبارەیەوە رایگەیاند، ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی هەردوولا دانانێت.
دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا گوتی: ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانی ئەمەریکا هەرچۆنێک بێت، کاریگەرییەکی ئەوتۆ لەسەر پەیوەندییەکانی هەردوولا دانانێت.
گوتەبێژی کۆشکی کریملن باسی لەوەشکرد، چاودێری دۆخی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا دەکەن بەڵام گرنگترین بابەت نییە بەلایانەوە و شتی دیکە هەیە گرنگی پێبدەن.
پیسکۆڤ گووتیشی "هەرچەندە هەڵبژاردنی نیوەی ماوە لە ئەمەریکا گرنگە بەڵام کاریگەرییەکی وەها لەسەر پەیوەندییەکانی واشنتن و مۆسکۆ دانانێت".
ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی حەوتی ئەم مانگە ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوەدا، پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و رووسیا لەسەر گرژییەکانی ئۆکرانیا بەردەوامە و لە ماوەی رابردووشدا چەندین جار گفتوگۆیان ئەنجامداوە.
دوێنێ سێشەممە (8ـی تشرینی یەکەمی 2022) هەڵبژاردنی نیوەی یەکەم بۆ کۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا دەستیپێکرد و دەیان ملیۆن هاووڵاتی چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان.
کۆمارییەکان زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوینەرانیان مسۆگەر کردووە و بە جیاوازییەکی زۆر کەم لەسەر زۆرینەی ئەنجومەنی پیرانیش کێبڕکێیەکی توند لەنێوان دیموکرات و کۆمارییەکان هەیە.