سوودانی یاسای پارێزگاكان هه‌موارده‌كاته‌وه و ده‌سه‌ڵاتێكی دارایی‌ش ده‌داته پارێزگاره‌كانی عێراق

K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق لیژنه‌یه‌كی راسپارد بۆ پێداچوونه‌وه به ره‌شنووسی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای پارێزگاكانی عێراق كه له سنووری هیچ هه‌رێمێكدا نین و ده‌سه‌ڵاتی په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی ناوخۆیی پارێزگاكانیش ده‌داته پارێزگاره‌كان تاوه‌كو هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان ئه‌نجامده‌درێت.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه (10ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، سه‌رۆكایه‌تی یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی باڵای هه‌ماهه‌نگی نێوان پارێزگاكانی عێراق جگه‌له هه‌رێمی كوردستانی كرد، له‌باره‌ی ئالنگاری و گرفته یاساییه‌كانی به‌رده‌م كاره‌كانیان كرد بۆ باشتركردنی ره‌وشی خزمه‌تگوزاری و كارگێری له پارێزگاكانی عێراق.
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بڕیاریدا به پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك له‌و ده‌سته‌یه بۆ تاوتوێكردنی ره‌شنووسی پرۆژه‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای پارێزگا سه‌ربه‌خۆكان ژماره 21ی ساڵی 2008ی هه‌مواركراو، كه ماوه‌ی 90 رۆژی دیاریكرد بۆ پێشكه‌شكردنی پێشنیازه‌كانیان له‌باره‌ی ئه‌و یاسایه.
له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، سوودانی بڕیاریدا له پرۆژه یاسای بودجه‌ی ساڵی 2023دا، ده‌سه‌ڵات به پارێزگاره‌كان بدرێت بۆ په‌سه‌نكردنی بودجه‌ی ئیداره‌ی ناوخۆیی پارێزگاكانیان به گوێره‌ی مادده‌ی 45 له یاسای به‌ڕێوه‌بردنی دارایی ژماره 6ی ساڵی 2019، تاوه‌كو هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان ئه‌نجامده‌درێت و ره‌وانه‌كردنی بۆ وه‌زاره‌تی دارایی به مه‌به‌ستی په‌سه‌ندكردنی.
هه‌روه‌ها سوودانی بڕیاردا به كردنه‌وه‌ی هه‌ژمارێكی بانكی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی عێراق و له‌ژێر چاودێری دیوانی چاودێری دارایی بۆ كۆكردنه‌وی داهاتی ناوخۆیی سه‌رجه‌م پارێزگاكان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و هه‌ژماره بانكیانه‌ی له‌لایه‌ن پارێزگاكانه‌وه كراونه‌ته‌وه بۆ كۆكردنه‌وه‌ی داهاته ناوخۆییه‌كانیان.
له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، سوودانی بڕیاریدا سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كانی كابینه‌كه‌ی پابه‌ندبكات به نه‌كردنه‌وه‌ی به‌ش و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی فیدراڵی سه‌ر به وه‌زاره‌ته‌كانیان له پارێزگاكان له‌به‌رئه‌وه‌ی پێچه‌وانه‌ی بنه‌مای لامه‌ركه‌زییه‌ت و بڕگه‌ی دووه‌می مادده‌ی 122ی ده‌ستووری عێراقه. هه‌روه‌ها بڕیاریدا به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و به‌شانه‌ی تاوه‌كو ئێستا كراونه‌ته‌وه له‌وانه "به‌شی كاری فیدراڵی و هۆبه‌ی نیشته‌جێبوون".