ئه‌مه‌ریكا به‌ به‌های 385 ملیۆن دۆلار چه‌ك ده‌فرۆشێته‌ عومان

ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێت بۆ به‌هێزكردنی توانای سوپای سوڵتاننشینی عومانه‌

كۆبوونه‌وه‌ی شاندی ئه‌مه‌ریكا و ده‌سه‌ڵاتدارانی عومان
كۆبوونه‌وه‌ی شاندی ئه‌مه‌ریكا و ده‌سه‌ڵاتدارانی عومان

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێت، گرێبه‌ستێكی له‌گه‌ڵ سوڵتاننشینی عومان واژوو كردووه‌ و به‌ گوێره‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ به‌ به‌های 385 ملیۆن دۆلار چه‌ك ده‌فرۆشێته‌ ئه‌و وڵاته‌.

ئاژانسی هاوكاری ئه‌منیی و به‌رگریی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا، به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا رایگه‌یاندووه‌، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ رازی بووه‌، مووشه‌كی جی ئێس ئۆ ده‌بلیۆ و چه‌كوچۆڵی دیكه‌ی به‌رگری بفرۆشرێته‌ سوڵتاننشینی عومان.

ئاژانسه‌كه‌ راشیگه‌یاندووه‌، كۆنگرێس له‌و گرێبه‌سته‌ ئاگادار كراوه‌ته‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه‌، ئه‌و چه‌كانه‌ به‌ به‌هێزكردنی توانای هێزی ئاسمانی سوڵتاننشینه‌كه‌یه‌ و مه‌به‌ست لێی ئه‌وه‌یه‌ عومان بتوانێت سنووری وشكانی و ئاوی و ئاسمانی وڵاته‌كه‌ی بپارێزێت.

تا ئێستا ده‌سه‌ڵاتی عومان هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌ باره‌ی ئه‌و گرێبه‌سته‌ بڵاو نه‌كردووه‌ته‌وه‌.

واژوو كردنی گرێبه‌سته‌كه‌ له‌كاتێكدایه‌، ئه‌مه‌ریكا و عومان گفتوگۆیه‌كی ستراتیژییان ده‌ست پێكردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی عومان هاوكار بێت له‌ درێژكردنه‌وه‌ی واده‌ی ئاگربه‌ستی یه‌مه‌ن و پابه‌ندبوونی به‌ بژارده‌ی چاره‌سه‌ری دوو ده‌وڵه‌تیی بۆ كێشه‌ی فه‌له‌ستین.

عومان، وڵاتێكی كاناراویی ئارامه‌، له‌ رووی ئه‌منی و سیاسییه‌وه‌، وڵاته‌كه‌ بێ كێشه‌یه‌ و له‌ ماوه‌ی رابردووشدا رۆڵێكی گه‌وره‌ی گێڕاوه‌ له‌ نێوانگیری لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كانی یه‌مه‌ن و ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ریكا و ئێرانیشدا.