سەرۆک ئەرکانی سوپای ئۆکرانیا: رووسیا لە خێرسۆن جگە لە هەڵهاتن هیچ بژاردەیەکی دیکەی نەماوە
K24 – ههولێر:
سەرۆک ئەرکانی سوپای ئۆکرانیا رایگەیاند، وەک چۆن لە کیێڤ و خارکیڤ ناچاربوون بكشێنەوە ، رووسیا لە خێرسۆن جگە لە هەڵهاتن هیچ بژاردەیەکی دیکەی نەماوە.
ڤالێری زالۆژنی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئۆکرانیا، لە راگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکرانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام بڵاوکراوەتەوە، باسی لەوە کردووە، لە ناوچەی خێرسۆن، هێڵەکانی گەیاندنی هاوکاری لۆجستی و سیستمەکانی هاوکاریکردنی رووسیایان بڕیووە و ههروهها نووسیوویەتی: "دوژمن لە خێرسۆن جگە لە هەڵهاتن هیچ بژاردەیەکی دیکەی نەماوە".
زالۆژنی جەختیشی لە هەوڵە زۆرەکانی هێزەکانی بەرگریی وڵاتەکەی کردووەتەوە و رایگەیاندووە: "وەک چۆن لە کیێڤ و خارکیڤ ناچار بە کشانەوە بوون، بەهەمان شێوە ئەگەری کشانەوەیان لە خێرسۆن دەرئەنجامی چالاکییە بەهێزەکانمانە".
ڤالێری زالۆژنی ئهوهشی خستهڕوو، هێزەکانی ئۆکرانیا، لە یەکی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا 36.5 كیلۆمەتر پێشڕەوی کردووە و کۆی گشتی رووبەری ئەو ناوچانەی کۆنتڕۆڵی کردوونەتەوە، هەزار و 381 کیلۆمەتر بووە.
ئەوەی ئاشکرا کرد، هێزەکانی ئۆكرانیا 41 ناوچەی نیشتەجێبوونیان لە خێرسۆن کۆنتڕۆڵ کردووەتەوە.
باسی لەوەش کردووە، هێزەکانی ئۆکرانیا لە 24 کاتژمێری رابردوودا، حەوت کیلۆمەتر بە ئاڕاستەی (پێترۆپاڤڵۆڤکا-نۆڤۆرایسک)، پێشڕەوییانکردووە و شەش ناوچەی نیشتەجێبوونیان رزگارکردووە، هەروەها لە (پێرڤۆمایسک-خێرسۆن)، شەش ناوچەی دیکەیان کۆنتڕۆڵ کردووەتەوە، بەم شێوەیەش تا ئێستا رووبەری 264 کیلۆمەتر دووجا خاكی ئۆكرانیا کۆنتڕۆڵ کراوەتەوە.
24ـی شوباتی 2022، به فهرمانی ڤلادیمێر پوتنی سهرۆكی رووسیا هێرش كرایهسهر خاكی ئۆكرانیا و بههۆیهوه ههزاران كهس له سهربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنهها ئۆكرانیش ئاوارهی وڵاتانی ئهوروپی بوون.
AA