والی ئیسته‌نبوڵ ئاماری فه‌رمی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی راگه‌یاند

K24 - هه‌ولێر:

كاتژمێر 4:20 خوله‌كی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه‌ 13ـی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ری 2022) ته‌قینه‌وه‌یه‌ك شه‌قامی ئیستقلالی ئیسته‌نبوڵی هه‌ژاند، والی ئه‌و شاره‌ ئاماری فه‌رمی قوربانییانی راگه‌یاند.

عه‌لی یه‌رلیكایه‌ والی ئیسته‌نبوڵ، رایگه‌یاند، به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ ئێواره‌، 4 كه‌س كوژران و 38 كه‌سی دیكه‌ برینداربوون.

هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی توركیا ده‌ستپێكردنی لێكۆڵینه‌وه‌كانیان له‌ رووداوی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئیسته‌نبوڵ له‌ چوارچێوه‌ی كارێكی تیرۆریسی راگه‌یاند و تاوه‌كو ئێستاش هیچ لایه‌نێك به‌رپرسیارییه‌تی خۆی له‌و رووداوه‌ رانه‌گه‌یاندووه‌.

په‌یامنێری كوردستان24 له‌ ئیسته‌نبوڵ رایگه‌یاند، له‌لایه‌ن حكومه‌تی توركیاوه‌ سه‌رجه‌م ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی توركیا ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ كه‌ هیچ ئامار و زانیارییه‌ك له‌باره‌ی ته‌قینه‌وه‌كه‌ بڵاونه‌كه‌نه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌ هه‌موو هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش راگه‌یه‌ندراوه‌، هیچ لێدوان و زانیارییه‌ك له‌باره‌ی ته‌قینه‌وه‌كه‌ بۆ ده‌زگاگانی راگه‌یاندن نه‌ده‌ن.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌چوارچێوه‌ی رووداوێكی تیرۆریستی ده‌ستی پێكردووه‌ و تاوه‌كو ئێستا هیچ لایه‌نێكی فه‌رمی هۆكار و چۆنییه‌تی رووداوه‌كه‌ی به‌ فه‌رمی ئاشكرانه‌كردووه‌.

په‌یامنێری كوردستان24 له‌مباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند، پۆلیسی توركیا هه‌موو رێگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی بۆ شه‌قامی ئیستیقلال داخستووه‌ و تیمه‌كان له‌ هه‌وڵی گواستنه‌وه‌ی برینداره‌كاندان بۆ نه‌خۆشخانه‌.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، داواكاری گشتی ئیسته‌نبوڵیش ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ره‌نگه‌ ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ كاری تیرۆریستی بێت.