ئه‌ردۆغان: ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان له ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئیسته‌نبوڵدا هه‌یه ئاشكرایان ده‌كه‌ین و سزا ده‌درێن
K24 - هه‌ولێر:
له‌باره‌ی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئیسته‌نبوڵ سه‌رۆككۆماری توركیا رایگه‌یاند، ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان له ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئیسته‌نبوڵدا هه‌یه، ئاشكرایان ده‌كه‌ین و سزا ده‌درێن.
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆككۆماری توركیا رایگه‌یاند، به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی والی ئیسته‌نبوڵ، 53 كه‌س بریندارن و 6 كه‌سیش به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئیسته‌نبوڵ كوژراون.
جێگری سه‌رۆككۆماری توركیا فوئاد ئۆكتای له‌مباره‌یه‌وه رایگه‌یاند، پێده‌چێت ئه‌نجامده‌ری ته‌قینه‌وه‌كه ئافره‌تێك بووبێت.
كاتژمێر 4:20 خوله‌كی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه 13ـی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ری 2022) ته‌قینه‌وه‌یه‌ك شه‌قامی ئیستقلالی ئیسته‌نبوڵی هه‌ژاند، والی ئه‌و شاره ئاماری فه‌رمی قوربانییانی راگه‌یاند.
عه‌لی یه‌رلیكایه والی ئیسته‌نبوڵ، رایگه‌یاند، به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ ئێواره، 6 كه‌س كوژران و 53 كه‌سی دیكه برینداربوون.
هێزه ئه‌منییه‌كانی توركیا ده‌ستپێكردنی لێكۆڵینه‌وه‌كانیان له رووداوی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئیسته‌نبوڵ له چوارچێوه‌ی كارێكی تیرۆریسی راگه‌یاند و تاوه‌كو ئێستاش هیچ لایه‌نێك به‌رپرسیارییه‌تی خۆی له‌و رووداوه رانه‌گه‌یاندووه.
په‌یامنێری كوردستان24 له ئیسته‌نبوڵ رایگه‌یاند، له‌لایه‌ن حكومه‌تی توركیاوه سه‌رجه‌م ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی توركیا ئاگاداركراونه‌ته‌وه كه هیچ ئامار و زانیارییه‌ك له‌باره‌ی ته‌قینه‌وه‌كه بڵاونه‌كه‌نه‌وه، هه‌روه‌ها به هه‌موو هێزه ئه‌منییه‌كانیش راگه‌یه‌ندراوه، هیچ لێدوان و زانیارییه‌ك له‌باره‌ی ته‌قینه‌وه‌كه بۆ ده‌زگاگانی راگه‌یاندن نه‌ده‌ن.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌چوارچێوه‌ی رووداوێكی تیرۆریستی ده‌ستی پێكردووه و تاوه‌كو ئێستا هیچ لایه‌نێكی فه‌رمی هۆكار و چۆنییه‌تی رووداوه‌كه‌ی به فه‌رمی ئاشكرانه‌كردووه.
په‌یامنێری كوردستان24 له‌مباره‌یه‌وه رایگه‌یاند، پۆلیسی توركیا هه‌موو رێگه سه‌ره‌كییه‌كانی بۆ شه‌قامی ئیستیقلال داخستووه و تیمه‌كان له هه‌وڵی گواستنه‌وه‌ی بریندارهكاندان بۆ نه‌خۆشخانه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، داواكاری گشتی ئیسته‌نبوڵیش ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ره‌نگه ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه كاری تیرۆریستی بێت.