چوار لە بریندارەكانی تەقینەوەكەی ئیستەنبوڵ عێراقیین
K24 - هەولێر:
کونسوڵخانەی عێراق لە ئیستەنبوڵ لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، چوار لە بریندارەكانی تەقینەوەكەی دوێنێی شەقامی ئیستقلال لە ئەستەنبوڵ، عێراقیین.
ئاماژە بەوەشدراوە، سێ لەو بریندارانە برینەكەیان سووكە، بەڵام چوارەمیان لەئێستادا نەشتەرگەری بۆ دەکرێت لە ئەنجامی برینداربوونی سییەکانی.
دوێنێ یەکشەممە 13/11/2022، تەقینەوەیەک لە شەقامی ئیستقلالی شاری ئیستانبوڵ روویدا، بەگوێرەی دوایین ئامار شەش کەس گیانیان لەدەستداوە و 80 کەسی دیکەش بریندارن.
بەرپرسانی تورکیا پەنجەی تۆمەت بۆ پەکەکە درێژ دەکەن و دەڵێن: "بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی دەستمان کەوتوون پەکەکە و پەیەدە لە تەقینەوەکەی ئیستانبوڵ بەرپرسیارن".
سولەیمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئەنجامدەری تەقینەوەکە لە عەفرینەوە هاتووەتە ناو خاکی تورکیا و بڕیاری تەقینەوەکە لە کۆبانێ دراوە".