لوبنان.. شه‌شه‌م جاره‌ په‌رله‌مان له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار شكستی هێنا

په‌رله‌مانی لوبنان
په‌رله‌مانی لوبنان

K24 – هه‌ولێر:

په‌رله‌مانی لوبنان بۆ جاری شه‌شه‌م له‌سه‌ر یه‌ك شكستی هێنا، له‌وه‌ی سه‌رۆكێكی نوێ بۆ وڵات هه‌ڵبژێرێت.

له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه‌ پۆستی سه‌رۆك كۆماری لوبنان خاڵییه‌.

ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كان به‌رده‌وامن و تا دێت ره‌وشی ئابووری وڵاته‌كه‌ زیاتر روو له‌ داته‌پین ده‌كات.

هیچ كام له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان خاوه‌نی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی نین، ئه‌مه‌ش كێشه‌كانی ئاڵۆزتر كردووه‌.

له‌ ده‌نگدانی ئه‌مڕۆدا 46 په‌رله‌مانتار كاغه‌زی سپییان خسته‌ سندووقی ده‌نگدانه‌وه‌.

میشال معه‌وه‌ز، له‌ لایه‌ن سه‌میر جه‌عجه‌ع و وه‌لید جونبلاته‌وه‌ پشتیوانی ده‌كرێت 43 ده‌نگی هێنا. حه‌وت په‌رله‌مانتاریش ده‌نگیان به‌ مامۆستای زانكۆ و مێژوونووسی لوبنانی عیسام خه‌لیفه‌ دا.

پاڵێوراوی سه‌ركه‌وتووی خولی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردن پێویستیی به‌ دوو له‌سه‌ر سێی ده‌نگه‌كان واته‌ 86 ده‌نگ هه‌یه‌.

له‌ خولی دووه‌مدا پاڵێوراو، ئه‌گه‌ر په‌نجا زائید یه‌ك واته‌ 65 ده‌نگ له‌ كۆی 128 ده‌نگ بهێنێت، ده‌بێته‌ سه‌رۆك كۆمار.

نه‌بیه‌ بری، سه‌رۆكی په‌رله‌مان، بڕیاری دا پێنجشه‌ممه‌ی داهاتوو جارێكی دیكه‌ بۆ حه‌وته‌م جار له‌ باره‌ی ئه‌و پرسه‌وه‌ دانیشتنی په‌رله‌مان بكرێت.

حزبوڵڵا، دژی پاڵاوتنی معه‌وه‌زه‌ و پێی وایه‌ ئه‌وه‌ پاڵێوراوی ته‌حه‌ددا كردنه‌ نه‌ك ته‌وافق و معه‌وه‌ز به‌ دۆستایه‌تی ئه‌مه‌ریكاییه‌كان ناسراوه‌.

حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا، ئه‌مینداری حزبوڵڵای لوبنان هه‌فته‌ی پێشوو گوتی: به‌ره‌نگاری پێویستی به‌ چه‌تر و پاراستن نییه‌، سه‌رۆكێكیشی ناوێت له‌ پشته‌وه‌ خه‌نجه‌ری لێبدات و بیفرۆشێت.

گوتیشی: سه‌رۆكی وڵات نابێت ملكه‌چی ئه‌مه‌ریكا بێت.

جاری یه‌كه‌م نییه‌، لوبنان تووشی ئه‌و كێشه‌یه‌ ده‌بێت، له‌ 2016دا دوو ساڵ پۆستی سه‌رۆك كۆمار خاڵی بوو.

مێشال عۆن، دوای 46 دانیشتنی په‌رله‌مان ئینجا توانرا وه‌ك پاڵێوراوی ته‌وافقیی هه‌ڵبژێردرێت.

سه‌رچاوه‌: AFP