خه‌زعه‌لی: پێویسته هێزی ئیتیحادی بگه‌ڕێته‌وه سنووره‌كان
K24 – هه‌ولێر:
ئه‌منیداری گشتیی عه‌سائیبی ئه‌هلولحه‌ق، قه‌یس خه‌زعه‌لی، رایگه‌یاند، حكومه‌تی عێراق پێویسته رێكاری پێویست بگرێته به‌ر بۆ پارێزگاری له ئاسایش و سه‌قامگیری، له رێگه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كانی ئیتیحادییه‌وه كۆنترۆڵی سنوور بكات.
خه‌زعه‌لی له باره‌ی بۆردومانه‌كانی ئێران و توركیاوه په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه، تێیدا ئیدانه‌ی هێرشكردنه سه‌ر سه‌روه‌ری عێراق و شكۆی خاكه‌كه‌ی كردووه.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، ده‌سته‌واژه‌كانی ئیدانه و سه‌ركۆنه‌كردن به‌س نین.
داوایشیكرد، حكومه‌تی عێراق رێككاری پێویست بگرێته به‌ر بۆ پارێزگاریكردن له ئاسایش و سه‌قامگیری عێراق و ئه‌مه‌ش له رێگه‌ی جێگیربوونی هێزه ئه‌منییه‌كانی ئیتیحادی ده‌بێت له سنووره‌كان بۆ ئه‌وه‌ی كۆنترۆڵ بگرنه‌وه ده‌ست و ئه‌ركی خۆیان له پاراستنی سنووره‌كان جێبه‌جێ بكه‌ن.
له به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا، خه‌زعه‌لی وتویه‌تی: پێویسته رێگری له‌وه بكرێت خاكی عێراق بكرێته سه‌كۆی ده‌ستدرێژكردنه سه‌ر وڵاتانی دراوسێ.
هه‌روه‌ها به پێویستی زانی سیستمی به‌رگری ئاسمانی عێراق پێشبخرێت بۆ پارێزگاریكردن له ئاسمانی عێراق و پاراستنی له پێشێلكارییه دووباره‌كان.