فه‌ره‌نسا له‌باره‌ی هێرشه‌كانی توركیاوه هاته ده‌نگ
"پاریس جه‌خت له‌سه‌ر سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌وه"
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا نیگه‌رانی خۆی له هێرش و بۆردومانه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان ده‌ربڕی و جه‌ختیش له پاراستنی سه‌روه‌ری عێراق و سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌وه.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه (24ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا، له راگه‌یه‌ندراوێكدا هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی هێرش و بۆردومانه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان ده‌ربڕی و ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، له (20ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ر)ی رابردووه‌وه كه توركیا كرده سه‌ربازییه‌كانی ده‌ستپێكردووه، چاودێری پێشهاته‌كان له‌ناوچه‌كه ده‌كه‌ن.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسادا هاتووه، "فه‌ره‌نسا نیگه‌رانی توندی خۆی له‌باره‌ی راگه‌یاندنی پرۆسه‌ی هێرشی زه‌مینی له باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا له‌لایه‌ن توركیاوه، ده‌رده‌بڕێت و داوای دانبه‌خۆداگرتن و دووركه‌وتنه‌وه له هه‌موو ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك ده‌كات كه هه‌ڕه‌شه‌بێت بۆ سه‌قامگیری ناوچه‌كه و ئاسایشی دانیشتوانه‌كه‌ی، كه هێشتا هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش‌یش كۆتایی نه‌هاتووه".
هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا جه‌ختی له‌سه‌ر پاراستنی سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ته‌وه و له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی پێكردووه، "فه‌ره‌نسا سووربوونی خۆی دووباره ده‌كاته‌وه له‌باره‌ی سه‌روه‌ری عێراق و سه‌قامگیری ناوچه‌ی كوردستانی عێراق".
بەرەبەیانی رۆژی یه‌كشه‌ممه (20ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستانیان بۆردومانکرد، وەزارەتی بەرگری تورکیاش دەڵێت: کاتی تۆڵە سەندنەوەیە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی بەرفراوانی ئەنجامداوە و لە هەرێمی کوردستان بناری قەندیل و چیای سۆسیان بۆردومان کردووە، هاوکات لە رۆژئاوای کوردستان ئەم شوێنانە کەوتوونەتە بەر بۆردومانەکەی تورکیا دێرک، کۆبانێ، شەهبا، زرگان.
هه‌روه‌ها دوای ئەوەی (23ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا کەمپی هۆل-یان لە سنووری پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بۆردومانکرد، بەوهۆیەوە ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانی چەکدارانی داعش لە کەمپەکە رایانکرد، هەسەدە ئۆپەراسیۆنه‌كانی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش هه‌ڵپه‌سارد.