یانه‌ی هه‌ولێر به‌شداریی له خولی نایاب عێراق ده‌كات
به‌رپرسێكی دیاریی یانه‌ی هه‌ولێر به كوردستان24ـی راگه‌یاند كه ئه‌وان بڕیاری به‌شداریكردنیان له خولی نایابی عێراق داوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌یانتوانی به‌رگه‌ی قه‌یرانه داراییه‌كان بگرن ته‌واوی ستافی ئیداره و ئه‌ندامانی یانه‌كه ده‌ستله‌كارده‌كێشنه‌وه.
كه‌مێك پێش ئێستا، مه‌حموود عه‌زیز، جێگری سه‌رۆكی یانه‌ی هه‌ولێر له لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 به‌شداریكردنی یانه‌كه‌ی له خولی نایابی عێراق دووپات ده‌كاته‌وه، ده‌شڵێت: ئاماده‌كارییه‌كانمان ده‌ست پێده‌كه‌ین، هاوكات چاوه‌ڕوانی كۆمه‌ك و سپۆنسه‌ری و پشتگیری دارایش ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر نه‌مانتوانی سه‌رچاوه‌ی دارایی پێویست بۆ یانه‌كه دابین بكه‌ین، ته‌واوی ئه‌ندامانی یانه‌كه ده‌ستله‌كارده‌كێشینه‌وه.
یانه‌ی هه‌ولێر پێشتر له نێوان ساڵانی 2006 تا 2009 توانی بۆ سێ وه‌رز له‌سه‌ریه‌ك نازناوی خولی نایابی عێراق بباته‌وه، له وه‌رزی 2011 ـ 2012 بۆ چواره‌مین جار بووه پاڵه‌وانی خولی نایابی عێراق، له ئێستاشدا ده‌نگۆی جێهێشتی به كۆمه‌ڵی یاریزانه‌كانی لێ ده‌كرێت، دیاترین یاریزانیش كه له هه‌فته‌ی رابردوو ماڵئاوایی له یانه‌كه كرد، به‌رگریكاری یانه‌كه (هه‌ردی سیامه‌ند) بوو كه په‌یوه‌ندی به یانه‌ی مینای شاری به‌سره كرد.