هێشتا لەناوچە کێشەلەسەرەکان داعش توانای دروستکردنی مەترسی هەیە

چەکدارێکی داعش ئاڵای گرووپە تیرۆریستیەکەیانی هەڵگرتووە
چەکدارێکی داعش ئاڵای گرووپە تیرۆریستیەکەیانی هەڵگرتووە

K24 – هه‌ولێر:

پێنج ساڵ بەسەر راگەیاندنی سەرکەوتن بەسەر داعش لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراقەوە، تێپەڕی، بەڵام داعش هێشتا لە ناوچە کێشە لەسەرەکان خەڵک و سەرباز دەڕفێنن و بۆمب ده‌چێنن و بوونەتە هۆی مەترسی بۆسەر دانیشتوانی ئەو ناوچانە.

پێنج ساڵ پێش ئێستا پاش کۆنتڕۆڵکردنی قەزای حەویجەی سه‌ر به‌ پارێزگای کەرکووک، حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق سەرکەوتنی بەسەر داعشدا راگەیاند، پاش پێنج ساڵیش لە مژدەی سەرکەوتن بەسەر داعش لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، ئەو رێکخراوە لە بەشێک لە ناوچەکان هێشتا چالاکە و توانای دروستکردنی مەترسی هەیە بۆسەر خەڵک و هێزە ئەمنییەکان.

داعش
داعش

رۆژی 10ی کانوونی یەکەمی ساڵی 2017 قەزای حەویجەی سەربە پارێزگای کەرکووک، کە کۆتا شوێنبوو داعش بەشێوەی ڕێکخراوەیی لەژێردەسەڵاتیدا مابوو، لەلایەن هێزەکانی عێراق کۆنترۆڵکرا و دواتر حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی پێشوتری عێراق کۆتایی داعش لە عێراق ڕاگەیاند.

لە ساڵڕۆژی سەرکەوتن بەسەر داعشدا، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا 10ی کانوونی دووەمی وەک رۆژی ئازایەتی و قوربانیدانی عێراقییەکان وەسفکرد، وە سوپاسی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی کرد بە بەهۆی فه‌تواکانی ئەوەوە هەزاران کەس لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق خۆیان ناونووسکرد بۆ بوون بە ئەندام لە دەستەی حەشدی شەعبی و جەنگ دژی داعش.

داعش له‌ سنووری گه‌رمه‌سێر هێرشی كرد
چه‌كدارانی داعش 

پاش پێنج ساڵیش لەو رووداوە، داعش لە بەشێک لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و ئەو ناوچانەی لەنێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە بۆشایی ئەمنی تێدایە چالاکی ئەنجام دەدەن و خەڵکی مەدەنی و سەرباز دەڕفێنن و بۆمی چێندراو لەسەر ڕێگاکان دادەنێن و بوونەتە مایەی مەترسی جدی لەسەر ژیانی هاوڵاتییان لەو ناوچانە.

ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی عێراقی له‌ كاتی سه‌ركه‌وتنیان به‌سه‌ر داعشدا AFP
ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی عێراقی له‌ كاتی سه‌ركه‌وتنیان به‌سه‌ر داعشدا AFP

داعش نەک بەتەنیا بۆ عێراقییەکان، بەڵکو بۆ ڕۆشنبیری و مێژووی عێراقیش مایەی ئافات و نەهەماتی بوو وە ژمارەیەکی زۆر لە مۆزەخانە و  شوێنەوارە مێژووییەکانی عێراقی وێرانکردووە، وەزیری ڕۆشنبیری عێراق لەبارەی وێرانکردنی ناوچە شوێنەوارییەکان باس لە خاپورکردنی پێنج هەزار ناوچەی شوێنەواری دەکات لەلایەن داعش،کە لەماوەی ساڵانی 2014 بۆ 2017 لە پارێزگاکانی موسڵ و ئەنبار و سەڵاحەدین و بەشێک لە ناوچەکانی دیالە ئەنجامیداوە.