روانگەی ئافاد: پێشێلکاریی بەرامبەر ناوچە سوننەنشینەکانی عێراق ئه‌نجامدراوه
K24 – هه‌ولێر:
روانگەی ئافاد بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویكرده‌وه، میلیشیاکانی عێراق لە پڕۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش، پێشێلکارییان بەرامبەر ناوچە سوننەنشینەکان ئەنجامداوە.
راپۆرتەکەی ئافاد ئاشکرایدەکات، لە نێوان ساڵی 2014 بۆ 2017 میلیشیاکان سەدان کەسیان لەناوچە جیاوازەکانی عێراق لەسێدارەداوە و هەزاران کەسیشیان بێسەروشوێنکردووە.
سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاساش دەڵێت، جوڵاندنی دۆسییەی رفێندراوەکان، کارتی فشار و بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردنە.
ئەوەی کە حکومەتی عێراق بە سەرکەوتنی مەزن ناویدەبات و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش بە هۆکارێک بۆ رفاندنی هەزاران هاووڵاتی مەدەنی و تۆڵەکردنەوە لە دانیشتوانی بەشێک لە ناوچە سووننەکان لەلایەن گروپە میلیشییاکانەوە دەزانن.
روانگەی ئافاد بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، بە بڵاوکردنەوەی راپۆرتێک لەسەر پێشێلکارییەکانی میلیشیا چەکدارەکان لە پڕۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ژێردەستی داعش، شەقامی عێراقی خرۆشاند.
روانگەی ئافاد لە راپۆرتەکەیدا باسی لەوەکردووە، دانیشتوانی ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی داعشدابوون، لە میانەی ئازادکردنی ناوچەکانیان رووبەڕووی توندوتیژی مەزهەبی و ئاینی بوونەتەوە و لە هەندێک جێگەش روبەڕووی تۆڵەلێکردنەوە بوونەتەوە.
راپۆرتەکەی ئافاد نیشانەی پرسیاری لەسەر ئەو گروپ و میلیشیایانە دروستکردووە، کە لەساڵی 2014 بۆ 2017 سەدان کەسیان لەناوچە جیاوازەکان عێراق لەسێدارەداوە و هەزاران کەسیان بێسەروشوێنکردووە بەبێ تاوانێکی دیاریكراو.
ئافاد بۆ پشتڕاستکردنەوەی بەدواداچوونەکانی لێدوانی پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانی سیادەی سووننەکانی وەک بەڵگە وەرگرتووە، کە باس لەوەدەکات، هەموو کەس دەزانێت ئەوانەی لەلایەن میلیشیا چەکدارەکانەوە رفێندرابوون ئێستا مردوون و حکومەتیش هیچ قەرەبوویەکی کەسوکارییانی نەکردووتەوە.
لەبەرامبەردا کەریم عەلەوی یەکێک لە سەرکردەکانی دەوڵەتی یاسا، جوڵاندنی دۆسیەی رفێندراوەکانی وەک کارتێکی فشار و بانگەشەی پێشوەختی هەڵبژاردن ناوبرد، لەلایەن بەشێک لە حزبەکانەوە، بەتایبەت لە سەردەمی کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانیدا وەک ئەوەی ئەو تاوانەکانی کردبێت.
راپۆرتەکەی روانگەی ئافاد لەکاتێکدایە، موحەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە رۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤدا ئاماژەی بەوەدا، هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و رەگەزپەرستی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەردەوامە و عێراق پابەندە بەو رێککەوتنامەیه كه لەچوارچێوەی مافەکانی مرۆڤدا واژۆیکردوون.
هەر لە چوارچێوەی راپۆرتەکانی تایبەت بە رفاندن و پێشێلکارییەکانی سەر مافی مرۆڤ لە عیراق، رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ مانگی حەوتی ئەمساڵ ئاماژەی بەوەدابوو، دیاردەی رفاندن و کوشتن و ئازاردانی خەڵک لەعێراق بەردەوامن و حکومەتیش لێی بێدەنگە.
رۆژی شه‌شی حوزه‌یرانی 2014 ژماره‌یه‌ك چه‌كداری رێكخراوی داعش له خاكی سووریاوه دزه‌یانكرده ناو خاكی عێراق و له میانی سێ رۆژدا و به‌دیاریكراوی له نۆی حوزه‌یران هێرشیانكرده سه‌ر شاری موسڵ و له ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا، شاره‌كه‌یان كۆنترۆڵكرد.
كۆنترۆڵكردنی موسڵ له‌لایه‌ن داعشه‌وه دوای ئه‌وه‌هات، كه هه‌زاران سه‌ربازی سوپای عیراق بێ هیچ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ك هه‌ڵاتن و چه‌ك و جبه‌خانه‌ی گه‌وره‌ی سه‌ربازییان بۆ رێكخراوه‌كه جێهێشت، بووه هۆی به‌هێزبوونی توانای سه‌ربازی داعش و جوڵه سه‌ربازییه‌كانی خۆی ده‌ستپێكرد و پێگه‌ی خۆی له عێراق و به‌تایبه‌ت له شاری موسڵ به‌هێزكرد.
ئیداره‌ی ئه‌وكاتی ئه‌مه‌ریكا به سه‌رۆكایه‌تی باراك ئۆباما به‌په‌له هاته سه‌ر هێڵ و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی دژبه داعش به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا و به به‌شداریی 22 وڵات پێكهێنرا و هێرشی ئاسمانییان بۆسه‌ر رێكخراوه‌كه ده‌ستپێكرد و هێرشی پێچه‌وانه دژبه رێكخراوه‌كه بۆ وه‌ستانی هێرشه‌كانی و كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی رێكخراوه‌كه ده‌ستیبه‌سه‌ردا گرتبوو، ده‌ستیپێكرد.