وەزیرێکی ئەڵمانیا: پەرە بە پەیوەندییە ئابوورییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدەین
وەزیری فیدراڵیی هاریکاریی ئابووری و گەشەپێدانی ئەڵمانیا لە سەردانەکەیدا بۆ هەولێر رایگەیاند؛ بەرلین پێداگرە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و دۆستانەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هاوکات بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی پێکهاتەی ئێزدی و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەی شنگال.
دووشەممە 17ی تشرینی دووەمی 2026، لەریم ئەلعەبەللی رادۆڤان، وەزیری فیدراڵیی هاریکاریی ئابووری و گەشەپێدانی ئەڵمانیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە پایتەختی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەرلین لە ئاستێکی زۆر باشدان و گوتی: ئامانجمان ئەوەیە لە داهاتوودا ئەم پەیوەندییە پتەوە زیاتر لە بواری وەبەرهێنان و هاریکاریی ئابووریدا ڕەنگ بداتەوە. لە هەمان کاتدا هەردوولامان هاوڕاین کە پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، مەرجی سەرەکییە بۆ بووژانەوەی ئابووری و هەنگاونان بەرەو پێشەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، لەریم ئەلعەبەللی سەرنجی خستە سەر دۆخی ئێزدییەکان و بە تایبەت دەڤەری شنگال و گوتی: رەوشی ژیانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان هێشتا سەخت و هەستیارە؛ حکوومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا لە هاوکارییە بەردەوامەکانی بۆ ئەو پێکهاتەیە لە عێراق، هەرێمی کوردستان و نێوخۆی ئەڵمانیاش بەردەوام دەبێت، بەتایبەت لە بواری بووژانەوەی ژێرخان و ئاوەدانکردنەوەی شنگال بۆ ئەوەی زەمینەی گەڕانەوەیەکی ئارام و سەربەرزانە بۆ ئاوارەکان بڕەخسێنرێت.
وەزیری فیدراڵیی ئەڵمانیا ئاشکرای کرد، لە میانی سەردانەکەیدا، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هاوکات لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەتەوە و تاوتوێی دۆخی ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکانی شنگالی کردووە.
لەریم ئەلعەبەللی دووپاتی کردەوە، پەیامی بەرلین زۆر روون بووە، ئەویش ئەوەیە کە پرسی مافی ئێزدییەکان، ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان لە پێشینەی کارەکانی حکوومەتی ئەڵمانیادا دەمێنێتەوە.