لە كەركووك چوار چەكداری داعش كوژران

هێرشی داعش/ ئه‌رشیڤ
هێرشی داعش/ ئه‌رشیڤ

k24- كەركووك:

لە سنووری شارۆچكەی دووبز لە رۆژئاوای شاری كەركووك و لەزوورگەكانی نزیك گەڕەكی تەنەك، فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق چوار چەكداری داعشیان كوشت.

لەمبارەیەوە سەرچاوەیەكی ئەمنی بە كوردستان24ی راگەیاند، دوای ئاشكرابوونی جموجۆڵی داعش و دیاریكردنی شوێنەكەیان، هێزی ئاسمانی عێراق بە فڕۆكەی جه‌نگی ئێف16 هێرشیانكردووه‌ته‌ سەریان و بە سەركەوتوویی توانراوە  ئامانجەكەیان بپێكن.

سەبارەت بەزیانەكانیش ئەوسەرچاوەیە ئاشكرایكرد، 4 چەكداری داعش كوژراون.

گوتیشی: "له‌ سنوورەكە پێشووتریش جموجۆڵی داعش هەستی پێكراوە و مۆڵگەی ئەو چەكدارانە بووە".

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ لە شارەدێی تول ئەلباج سەر بە شارۆچكەی شەرگات لە پارێزگای سەڵاحەددین، چەكدارانی داعش هێرشیانكرده‌ سەر باخی هاووڵاتییەك بەناوی سوهەیل نەجم شەمەری و رووبەڕووبوونەوەی سەخت روویداوە، له‌ ئه‌نجامدا 5 چه‌كداری داعش و هاووڵاتییه‌كه‌ش كوژران.