شۆڵتز: بەردەوامی پەیوەندییەکان لەگەڵ مۆسکۆ بۆ راگرتنی جەنگ گرنگە
"ئەگەری هەیە 100 ههزار سەربازی رووسی کوژرابن"
K24 – ههولێر:
راوێژکاری ئەڵمانیا رایدهگهیهنێت، ئەگەری هەیە رووسیا تا ئێستا 100 هەزار سەربازی لێکوژرابێت و بەردەوامی پەیوەندییەکانیش لەگەڵ مۆسکۆ بۆ راگرتنی جەنگ، گرنگە.
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی رووسیا پێداگیرە لەسەر ئەوەی چەند بەشێکی ئۆکرانیا لەژێر کۆنتڕۆڵی وڵاتەکەیدا بێت.
ئهو راوێژکارە ئاماژەی بەوەشدا، سەرەڕای پێداگیرییەکەی سەرۆکی رووسیا، گرنگە پەیوەندییەکان لەگەڵ مۆسکۆ بەردەوامبێت، چونکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان رێگایەکی گرنگە.
راوێژکاری ئەڵمانیا ئاشکرایکرد، هەر کاتێك گفتوگۆ لەگەڵ پوتن دەکەم، بە ئاشکرا پێم رادەگەیەنێت، گرنگە بەشێکی ئۆکرانیا لەژێر کۆنتڕۆڵی رووسیا بێت.
گوتیشی: "تا ئێستا ئاشکرانییە ژمارەی کوژراوەکانی سوپای رووسیا چەندن، بەڵام ئەگەری هەیە 100 هەزار سەربازییان لێکوژرابێت".
له 24ـی شوباتی 2022، به فهرمانی ڤلادیمێر پوتنی سهرۆكی رووسیا هێرشكرایهسهر خاكی ئۆكرانیا و بههۆیهوه ههزاران كهس له سهربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنهها ئۆكرانیش ئاوارهی وڵاتانی ئهوروپی بوون، تا ئێستاش ئهو جهنگه بهردهوامه.