بەمنزیکانە پارتی و یەکێتی لە ئاستی باڵا کۆدەبنەوە

پارتی و یەکێتی
پارتی و یەکێتی

K24 – هەولێر

بڕیارە پارتی و یەکێتی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەسەر ئاستی باڵا کۆببنەوە.

سەرچاوەیەکی تایبەت بە کوردستان24ی رایگەیاند، نیەتێک بۆ کۆبوونەوە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەیە، بڕیاریشە بەمنزیکانە لە ئاستی باڵادا هەردوولا کۆببنەوە.

کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لەکاتێکدایە ماوەیەکە پەیوەندییەکانیان ساردی تێکەوتووە، لە بەشێکی میدیاکانەوە بە شێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ رەخنە لە یەکتری دەگرن.

پارتی لە کۆنگرەی 14 بڕیاریداوە لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ هەموو لایەنەکان ‌هەڵداتەوە، بەتایبەتی یەکێتی، گوتەبێژی پارتیش رایدەگەیەنێت، لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندییش بڕیاری لێدراوە.

 دوێنێ مەحموود محەممەد گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، ئەوان بە فەرمی راوبۆچوونی خۆیان بۆ گفتوگۆ بە یەکێتی راگەیاندووە.

 ئاماژەی بەوەشدا، هەرچەندە کێشەکانیان لەگەڵ یەکێتی قووڵ بێت، بەڵام هەر دەبێت چارەسەری بکەین و بەیەکەوە دانیشین.

گوتەبێژی پارتی گوتیشی: "لەگەڵ یەکێتی لە نیگەرانییەکانی یەکتر تێدەگەین و سەرقاڵی ئەوەن گفتوگۆکانیان دەستپێبکەن".