نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی یۆنان جەخت لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و یۆنان دەکەنەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی یۆنان دەكات

K24 – هەولێر

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی یۆنا کرد و هەردوولا جەختیان لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و یۆنان کردەوە.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 12/12/2022 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە جۆرجیۆس ئەلامانۆس باڵیۆزی نوێی یۆنان لە عێراق كرد.

لە دیدارێكدا وێڕای بەخێرهێنان و پیرۆزبایی بۆ دەستبەكاربوونی وەك باڵیۆزی نوێی وڵاتەكەی لە عێراق، نێچیرڤان بارزانی هەموو پشتیوانییەكی خۆی و هەرێمی كوردستانی بۆ سەرخستنی ئەركەكەی نیشاندا.

هەردوولا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەكانی یۆنان لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوە بەتایبەتی لە بوارەكانی په‌روه‌رده‌، بازرگانى، ئابوورى و گه‌شتوگوزاريدا.

لای خۆیەوە باڵیۆزی یۆنان سەرسامیی خۆی بە پێشكەوتن و ئاراميى هەرێمی كوردستان نیشاندا و دووپاتیكردەوە كە رۆڵی هەرێمی كوردستان بۆ سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە، رۆڵێكی بەرچاو و مایەی رێزە.

چەند بابەتێكی دیكەی جێی بایەخی هەردوولا، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوون كە كونسوڵی گشتیی یۆنان لە هەرێمی كوردستان تیایدا ئامادە بوو.

.