وەزیری پێشمەرگە سێ مانگە لەژێر فشاری حزبەکەی دەوام ناکات

K24 - هەولێر

کوردستان24 بەدواداچوون بۆ دەوام نەکردنی وەزیری پێشمەرگە دەکات، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەش بە کوردستان24 راگەیاند، ماوەی سێ مانگە شۆڕش ئیسماعیل لەژێر فشاری حزبەکەی دەوامی نەکردووە، لەسەر داواکاری وەزیری پێشمەرگە و ئەنجومەنی وەزیران بریکار کارەکانی وەزارەت بەرێوەدەبات.

دەوام نەکردنی وەزیری پێشمەرگە ئاستەنگی بۆ جێبەجێکردنی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرنامەی وەزارەت لەگەڵ هاوپەیمانان دروستکردووە.

عەمید عەلی لە قەزای دوکانە بۆ راییکردنی مامەڵەی خانەنشینەکەی هاتووەتە وەزارەتی پێشمەرگە، لەوێ پێیان گوتووە، بڕۆ لای بریکار واژۆی خانشینیەکەت بۆ دەکات، ئەو بە کوردستان24ی گوت: "چوومە نووسینگەی وەزیر پێیان گوتم بڕۆ لەسەرەوە واژۆت بۆ دەکەن".

جمووجۆڵی زیاتر کەوتووەتە نووسینگەی بریکاری وەزیری پێشمەرگە، هۆکارەکەش ئەوەیە وەزیری پێشمەرگە بەهۆی فشاری حزبەکەیەوە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانە.

سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەم کێشەیە بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەگەڕێتەوە، ئێمە لە وەزارەت پێکەوە کارمان کردووە و هەماهەنگی و تێگەیشتنی باش لەنێوانمان هەبوو، بەڵام دیارە لێی رازی نەبوون و بە دڵی ئەوان نەبووە، رێگەیان نەدا دەوام بکات".

گوتیشی: "ئامادەنەبوونی وەزیر لە وەزارەت کاریگەری خراپ دەکاتە سەر چاکسازییەکانی وەزارەت و بەرنامەمان لەگەڵ هاوپەیمانان".

بەپێی بەدواداچونی کوردستان24 لە دوای سەردانەکەی وەزیری پێشمەرگە، بۆ بەریتانیا و  ئەمەریکا فشاری حزبەکەی بۆ دەست لەکارکێشانەوە زیاتربوون، بەڵام شۆڕش ئیسماعیل  تا ئەوکات کۆڵی نەداوە، دوای واژۆکردنی لێکتێگەشتنی ئەمنی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن)  لە هەولێر فشاری حزبەکەی  زۆرتر بوون، تەنانەت لە سلێمانیش رێگەی لێگیراوە بێتەوە هەولێر دەوام بکات.

زۆری فشارەکان، شۆڕش ئیسماعیلی ناچارکردووە بچێتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و مۆڵەت وەربگرێت.

هەر بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی  کوردستان24، پێشتر وەزیری پێشمەرگە نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کردووە، بەڵام هیچ هۆکارێک نەبووە کە دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسەند بکرێت، یەکێک لە داواکارییەکانی یەکێتی لە سەرۆکی حکومەت رەزامەندی دانە بە دانانی کەسێکی دیکە لە شوێنی شۆڕش ئیسماعیل وەک وەزیری پێشمەرگە.