کوتلەی وەزاری پارتی وەلامی یەکێتی دەداتەوە
k24-هەولێر
تیمی وەزاری پارتی لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی بەیاننامەیەکی یەکێتی دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، لە بەرپرسیارییەتی ڕادەکەن و ئامادەنین بەرژەوەندی باڵای خەڵکی کوردستان بخەنە سەرووی بەرژوەندییە تایبەتی و حیزبییەکانتان.
رۆژی ١٣ی دیسێمبەری ٢٠٢٢ تیمی وەزاری پارتی ؛ لەبارەی ناردنی 400 ملیار دیناری هەرێمی کوردستان لە بەخداوە راگەیەندراوێکی بلاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، تیمی وەزاری یەکێتی بە ئاشکرا ئامادەنەبوو بچێتە بەغدا بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ، دەنگی لە سەر ناردنی 400 ملیار دینارەکە دا وەک دەربڕینی نیازپاکی و پابەندبوون بەو ڕێککەوتننەی بۆ پێکهێنانی حکومەتی فیدرال کراوە، هەروەها لە سەر بنەمای کارنامەی وەزارەی حکومەت ، کەچی ڕاگەیاندنی فەرمی یەکێتی هەر زوو خۆی کردە خاوەنی ئەم بڕیارە کە گوایا بە هەوڵی یەکێتی ئەم بڕیارە دراوە، لە کاتێکدا تیمی وەزاری یەکێتی بە ئاشکرا ئامادەنەبوو بچێتە بەغدا بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی راگەیاندراوەکەی تیمی وەزاری پارتیدا هاتووە، چاوەڕوان دەکرا جێگری سەرۆک وەزیران لە کردەوە تیرۆریستییەکەی هەولێر کە بووە هۆی شەهیدبوونی هاوکار جاف، هاوکاری دادگاکان بکات، کەچی خۆی و سەرۆکایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، فشارێکی زۆریان کرد بۆ ئەوەی ئەم تاوانە قێزەونە پەردەپۆش بکرێت و سازشی لەسەربکرێت ، بەڵام دوای ئەوەی هیچ سازشێک لە سەر پەردەپۆشکردنی تاوانەکە نەکرا، بۆیە جێگری سەرۆک وەزیران بڕیاریدا بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران بکات و داواشی لە تیمی وەزاری یەکێتی کرد بەشداری کۆبوونەوەکان نەکەن.
تیمی وەزاری پارتی رایدەگەیەنێت، ئێمە هەمیشە هەوڵمانداوە کاروبارەکانی حکومەت دووربن لە هەموو کێشەیەکی نێوان لایەنە سیاسییەکان، بەڵام بەداخەوە تیمی وەزاری یەکێتی لەم ڕووەوە هاوکارنین.
دەقی راگەیەندراوی کوتلەی وەزاری پارتی:
دوای ئەو کردەوە تیرۆریستییەی لە شاری هەولێر ئەنجام درا و بووە هۆی شەهیدبوونی عەقید هاوکار جاف کە بە شێوەیەکی نامرۆڤانە و دڕندانە لە بەرچاوی خێزان و منداڵەکانی تیرۆر کرا و دوای ئەوەی هێزەکانی ئەنجومەنی ئاسایش، تۆمەتبارانیان دۆزییەوە و بە بەڵگەی تەواوەوە لە سەر کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دانیان بە تاوانەکەدا نا، چاوەڕوان دەکرا بەڕێز جێگری سەرۆک وەزیران هاوکاری دادگاکان بکات،کەچی خۆی و سەرۆکایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، فشارێکی زۆریان کرد بۆ ئەوەی ئەم تاوانە قێزەونە پەردەپۆش بکرێت و سازشی لە سەر بکرێت ، بەڵام دوای ئەوەی هیچ سازشێک لە سەر پەردەپۆشکردنی تاوانەکە نەکرا، بۆیە جێگری سەرۆک وەزیران بڕیاریدا بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران بکات و داواشی لە تیمی وەزاری یەکێتی کرد بەشداری کۆبوونەوەکان نەکەن . هەرخودی بەڕێز جێگری سەرۆک وەزیران لە سەر بڕیاری مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕێگری کرد و نەیهێشت وەزیرەکانی یەکێتی بۆ جاری دووەم بەشداری شاندی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا ، بۆیە شاندەکە لە ئێوارەی 12/11 بەسەرۆکایەتی بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری گەڕانەوە بەغدا بۆ درێژەدان بە گفتوگۆ و دانوستان و داکۆکیکردن لە ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان.
ئێمە هەمیشە هەوڵمانداوە کاروبارەکانی حکومەت دووربن لە هەموو کێشەیەکی نێوان لایەنە سیاسییەکان بەڵام بەداخەوە تیمی وەزاری یەکێتی لەم ڕووەوە هاوکار نین.
ئەوەی جێی سەرسوڕمانە، ئەمڕۆ دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ، دەنگی لە سەر ناردنی 400 ملیار دینارەکە دا وەک دەربڕینی نیازپاکی و پابەندبوون بەو ڕێککەوتننەی بۆ پێکهێنانی حکومەتی فیدرال کراوە هەروەها لە سەر بنەمای کارنامەی وەزارەی حکومەت ، کەچی ڕاگەیاندنی فەرمی یەکێتی هەر زوو خۆی کردە خاوەنی ئەم بڕیارە کە گوایا بە هەوڵی یەکێتی ئەم بڕیارە دراوە، لە کاتێکدا تیمی وەزاری یەکێتی بە ئاشکرا ئامادە نەبوو بچێتە بەغدا بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان.
بە داخەوە ئێوە هەمیشە خۆتان دەکەنە شەریک و خاوەنی دەسکەوتەکان،بەڵام لە کاتی پێویستیشدا، لە بەرپرسیاریەتی ڕادەکەن و ئامادە نین بەرژەوەندی باڵای خەڵکی کوردستان بخەنە سەرووی بەرژوەندییە تایبەتی و حیزبییەکانتان.
کوتلەی وەزاری پارتی دیموکراتی کوردستان