باڵانبۆ محەمەد: راپەڕین و دەستووری عێراق بەرهەمی ئاشتەوایین

"پێویستە کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەربکرێن، نەک لە راگەیاندنەوە باس بکرێت"

K24 – هه‌ولێر:

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، باڵانبۆ محەمەد رایگەیاند، لەکاتی شەڕ و ململانێکانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستاندا، زیان بەر گەلی کورد کەوتووە و کاتێکیش لایەنەکان بە ئاشتەوایی کاریانکردووە، دەستکەوتی گەورەیان بەدیهێناوە.

باڵانبۆ محەمەد، لەمیانه‌ی بەشداریکردنی لە رووماڵێکی تایبەتی کوردستان24 لەبارەی کێشەکانی هەرێمی کوردستان گوتی:"کێشەکانی نێوان پارتی و یه‌كێتی زۆر گەورە نین، چونکە ئەو دوو لایەنە، هەوراز و نشێوی زۆر زیاتریان لە رابردوودا بینیوە و بەسەریدا زاڵ بوون، بەڵام بەگوێرەی کاتەکان کێشەکان جیاوازن، هەندێک لە راگەیاندنەکانیش رۆڵی باشیان نەبووە و هەوڵیانداوە کێشەکان ئاڵۆزتر بکەن".

باسی لەوەشکرد، کورد سوودی لە رابردووی خۆی نەبینیوە، بۆئەوەی هەڵەکان راست بکاتەوە و پەرە بە کارە باشەکان بدات، گوتیشی: "بائێمە سەیر بکەین، ئەو هەموو شەڕەمان کرد لە سەردەمی شۆڕشدا، تەنها دووژمنەکانمان سوودیان لێبینی، چونکە کاتێک یەکترمان دەکوشت تەنها کورد زیانی بەردەکەوت، بەڵام کاتێک ئاشتەوایی هاتە دی و وازمان لە شەڕ هێنا، راپەڕین کرا و دواتر ئەم ئەزموونەی لێ بەرهەم هات".

باڵانبۆ محەمەد گوتیشی: "لە سەردەمی حوکمڕانیشدا کاتێک شەڕی ناوخۆمان ئەنجامدا، زیانمان بە خۆمان گەیاند، جگە لە خوێن رشتن بووینە هۆی دواکەوتنی وڵاتەکەمان، بەڵام کاتێک ئاشتەوایی بەدیهات و دەستمان لە ملی یەکتر کرد، دەستووری عێراق بەدیهات".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ بەپێویستیزانی لایەنەکان، کێشەکانیان بە گفتوگۆ و دانووستان چارەسەربکەن و دووربکەونەوە، لەوەی لە راگەیاندنەکانەوە باسیان بکەن.

دوای کۆنگرەی 14ی پارتی لە سەرەتای مانگی رابردوودا، پارتی بڕیاری دا لاپەڕەیەکی سیاسی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەڵبداتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا دوێنی چوارشه‌ممه (14ـی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2022) شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ پێكهاتبوو له‌ فازڵ میرانی، مه‌حموود محه‌ممه‌د، هۆشیار زێباری و جه‌عفه‌ر ئیمێنكی له‌ شاری هه‌ولێر له‌گه‌ڵ سه‌ڵاحه‌ددین به‌هائه‌دین، ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوو كۆبووه‌وه‌.

دوای کۆبوونەوەکەش، مەحموود محەممەد گوتەبێژی پارتی رایگەیاند، پارتی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كۆده‌بێته‌وه، بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا هەیە.

به‌ مه‌به‌ستی درووستكردنی زه‌مینه‌ی ئاشته‌وایی له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و گێڕانی ڕۆڵێكی میدیایی نیشتمانیانه‌، دامه‌زراوه‌ی میدیایی كوردستان24، وه‌ك ئه‌ركێكی نیشتمانی ده‌ستپێشخه‌ری ئاشته‌وایی له‌ ژێر هاشتاگی " #بەیەکەوەبوون_کوردستان_بەهێزتر_دەکات" هه‌ڵمه‌تێكی میدیایی ده‌ستپێكردووه‌ و له‌ میانیدا بۆچوونی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیی و كه‌سایه‌تییه‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌ ئامانجی له‌یه‌ك نزیككردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ده‌خاته‌ڕوو.

Fly Erbil Advertisment