پاریس.. هونەرمەندێکی کورد بەشداری پێشانگەیەکی هاوبەشی فۆتۆگرافی کرد

ئیبراهیم عەلیپوور، هونەرمەندی فۆتۆگرافەری کورد، بەشداری پێشانگەی هاوبەشی فۆتۆگرافی بەڵگەنامەیی لەژێر ناونیشانی  "خۆڕاگری" کرد، کە لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەڕێوەچوو و لە رێگەی کۆمەڵێک پرۆژەی وێنەگرتنەوە، چیرۆکی خۆڕاگری و بەرخۆدانی مرۆڤەکان لە بەرامبەر قەیران و سەختییەکانی ژیان خستەڕوو.

یەکشەممە، 15ی تشرینی دووەمی 2026، ئیبراهیم عەلیپوور، هونەرمەندی فۆتۆگرافەری کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، " گرنگیی پێشانگەی "خۆڕاگری"، تەنیا لە پیشاندانی کارە وێنەییەکاندا نییە، بەڵکو لەو توانایەدایە کە بە زمانی وێنە، ئەو چیرۆکە مرۆییانە بگوازێتەوە زۆرجار لە ناو رووداوەکانی شەڕ و قەیران و نادادپەروەریدا دەنگیان ناگاتە جیهان. ئەم پێشانگەیە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی وێنەگرتنی بەڵگەنامەیی ببێتە پردێک لەنێوان ئەزموونی مرۆڤەکان و تێگەیشتنی کۆمەڵگەی جیهانی، هەروەها سەرنج بۆ خۆڕاگری، ماف و کەرامەتی مرۆڤ رابکێشێت."

عەلیپوور سەبارەت بەبەشداریکردنی لەو پێشانگەیە گوتی، "هەروەها بەشداریی من، وەک فۆتۆگرافەرێکی کورد، بە پرۆژەی "گولەکان سنووریان نییە"، گرنگییەکی تایبەتی هەبوو؛ چونکە بەشدارییەکی کوردییە لە پێشانگەیەکی نێودەوڵەتیدا کە بابەتە مرۆییەکانم خستە بەرچاو. گرنگیی ئەم بەرهەمەم  لەوەدایە کە بە زمانی وێنە، بابەتی گولە و شەڕ و کاریگەرییەکانیان لە سنووری جوگرافیایی دەرباز دەکەم و رەهەندێکی مرۆیی و جیهانی پێ دەبەخشم."

ئیبراهیم عەلیپوور باسی لەوەش کرد، "هەروەها بەشداریی من لەگەڵ وێنەگرانێک لە وڵاتانی جیاوازدا، دەرفەتێکە بۆ ناساندنی ئەزموون و دیدی وێنەگرێکی کوردی وەک من لە ئاستێکی نێودەوڵەتیدا و بەشداریکردن لە گفتوگۆیەکی جیهانی سەبارەت بە شەڕ، مرۆڤ و خۆڕاگری."

ئەو فۆتۆگرافەرە ئاماژەی بەوەش دا، "ئەو پێشانگەیە لە رێگەی پرۆژەکانی وێنەگرتنەوە، ئەو راستییە دەخاتەڕوو کە ئازاری مرۆڤ سنووری نیشتمانی ناناسێت و وێنە دەتوانێت ببێتە زمانێکی هاوبەش بۆ گەیاندنی ئەو ئازار و چیرۆکانەی پێویستیان بە بینین و بیستن هەیە."

ئیبراهیم عەلیپوور، هونەرمەندی فۆتۆگرافەری کورد، لەساڵی 1990 لە شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. ناوبراو کاری وێنەگری و دێکۆمێنتاری دەکات، بە تایبەتی لەسەر ژیان و ناخۆشییەکانی کۆڵبەران، میراتی کولتووری و ئەو کۆمەڵگەیانەی کەمتر باسیان لێوە دەکرێت. عەلیپوور براوەی چەندین خەڵاتی جیهانی و ناوخۆیی بەدەستهێناوە وەکو، خەڵاتی ناسراوی وێنەی رۆژنامەوانیی جیهانی لە ساڵی 2025، خەڵاتی وێنەکانی پۆرترەیتی ئاسیا بۆ ساڵی 2024، و خەڵاتی گەورەی کانون بۆ پڕۆژەکانی وێنەگرتن لە ساڵی 2023.