کارەبای سلێمانی بۆ تاقیکردنەوەکان گۆڕانکاری لە بەرنامەی کاری موەلیدە ئەهلییەکاندا دەکات

"بەرنامەى کارکردنى موەلیدە ئەهلییەکان رۆژانە لەکاتژمێر 7ى بەیانى بۆ 1ى شەو دەبێت"

کارەبای مۆلیدەی ئەهلی
کارەبای مۆلیدەی ئەهلی

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەمەوە، گۆڕانکارییان لە بەرنامەی کارکردنی موەلیدە ئەهلییەکاندا کردووە و پێویستە، لە کاتژمێر 7ی بەیانی تا 1ی شەو، هەرکات کارەبای نیشتمانی نەبوو، کارەبا بۆ هاووڵاتیان دابینبکەن.

لە راگەیەندراوێکیدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە (15ی کانوونی یەکەمی 2022) بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاندووە  "لە رۆژى شەممە 17/12/2022 بەرنامەى کارکردنى موەلیدە ئەهلییەکان رۆژانە لەکاتژمێر 7ى بەیانى بۆ 1ى شەو دەبێت".

ئاماژە بەوەشدراوە، دواى کۆتایی هاتنى تاقیکردنەوەکان، بەرنامەى کارکردنى موەلیدە ئەهلییەکان وەک پێشووى لێدێتەوە، کە 1ى پاشنیوەڕۆ بۆ 1ى شەو دەبێت لەگەڵ بەیانیان 6:30 بۆ 8ى بەیانى.

لە رۆژی 14ی ئەم مانگەوە، تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەمی قوتابیان دەستیپێکردووە و تا رۆژی 24ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، لە تاقیکردنەوەکاندا زیاتر لە ملیۆنێک و 304 هەزار قوتابی بەشدارن، ئەوە جگە لە قوتابیانی پۆلەکانی (1،2،3)ی بنەڕەتی و قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان.

Fly Erbil Advertisment