حوسێن قاسم: حكومه‌تی عێراق و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هاوكارنه‌بوون له رزگاركردنی ئێزدییه رفێندراوه‌كان

K24 – هه‌ولێر:
راوێژكاری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری ئێزدییه‌كان جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرده‌وه كه رزگاركردنی ئێزدییه رفێندراوه‌كان له پێشینه‌ی كاره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بووه به‌ڵام حكومه‌تی عێراق و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ماهه‌نگی ته‌واویان نه‌كردووه له‌و پرۆسه‌یه‌دا.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه (17ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، حوسێن قاسم، راوێژكاری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری ئێزدییه‌كان به كوردستان24ـی راگه‌یاند، تاوه‌كو ئێستا نزیكه‌ی 2700 هاووڵاتی ئێزدی له‌ژێر ده‌ستی تیرۆریستانی داعش ماونه‌ته‌وه، كه نزیكه‌ی هه‌زاریان منداڵن.
سه‌باره‌ت به ئاماری رزگاركراوان، حوسێن قاسم روونیكرده‌وه، تاوه‌كو ئێستا 960 منداڵی ئێزدی رزگاركراون، هه‌رچه‌نده له‌سه‌ره‌تای جینۆسایدكردنی ئێزدییه‌كان ئه‌و پڕۆسه‌یه ئاسانتربوو به‌ڵام ئێستا سه‌ره‌ڕای به‌رده‌وامی هه‌وڵه‌كان، چه‌ندین ئاسته‌نگ رووبه‌ڕووی تیمه‌كانی رزگاركردنی ئێزدییه‌كان بووه‌ته‌وه.
ئه‌و راوێژكاره‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقییه‌وه هیچ ئاسانكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌ك به‌دی ناكه‌ن، هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش هه‌رچه‌نده رۆڵی گه‌وره‌یان هه‌بوو له تێكشكاندنی داعش، به‌ڵام بۆ رزگاركردنی منداڵ و ژنانی ئێزدی هیچ پلان و گرنگییه‌كیان بۆ ئه‌و دۆسیه‌یه نه‌بووه.
له‌باره‌ی ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌ی رزگاركردنی ئێزدییه‌كان، حوسێن قاسم، روونیكرده‌وه، هه‌رچه‌نده دوای هه‌شت ساڵ ناسینه‌وه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی له ته‌مه‌نێكی زۆر بچو‌وكدا رفێندراون ئه‌سته‌مه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌ندین ئاسته‌نگی سیاسی و ئه‌منی دیكه‌ش بوونه‌ته كۆسپ له‌به‌رده‌م سه‌ركه‌وتنی ئه‌و پرۆسه‌یه.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، راوێژكاری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری ئێزدییه‌كان رایگه‌یاند، خێزانه عه‌ره‌بییه‌كانی ده‌وروبه‌ری ده‌ڤه‌ری شنگال هاوكارنین له ناسینه‌وه‌ی منداڵه ئێزدییه رفێندراوه‌كان، هه‌روه‌ها زۆرجار به‌هۆی ترساندن و فشاره‌وه، منداڵه ئێزدییه‌كانیش داننانێن به‌وه‌ی ئه‌وانیش یه‌كێكن له ئێزدییه رفێندراوه‌كان.
زیاتر گوتی، داعش به پلان و به‌رنامه كاری له‌سه‌ر گۆڕینی بیروباوه‌ڕی ئێزدییه رفێندراوه‌كان كردووه به‌شێوه‌یه‌ك به‌شێكی زۆیان ئێستا زمان و ئایینی خۆیان له‌یادكردووه و په‌روه‌رده‌یه‌كی توندڕه‌وانه‌یان پێدراوه به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له ته‌مه‌نێكی زۆر بچو‌وكدا رفێندراون.